Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆمار: عەبادی بە جۆرێک غروور بووە کەڵکی ئەوەی نییە دانیشتنی لەگەڵدا بکرێت

بەغدا–KDP.info ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق گوتی، ھەوڵەکانی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و دوێنێش لەگەڵ نوێنەری چەند وڵاتێک کۆ بووەوە و (ھادی عامری)ـیش بەڵێنی داوە حەشدی شەعبی لە خورماتوو بکشێتەوە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق غرووری گرتوویەتی و ئامادەی گفتوگۆ نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆککۆماری عێراق دەستی بە ھەوڵی خۆی کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێ بکات و کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکرێن و سەرەتا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ لایەنەکانی ھەرێم کۆ بووەوە و داوای کرد ھەرێم بە یەک تیم دەست بە گفتوگۆ بکات و ھەرێمیش ئامادەییی خۆی دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا بەغدا ئامادە نییە، بۆیە ئێستا لە بەغدا دەستی بە ھەوڵەکانی کردووەتەوە.

(د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵەکانی سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوامن و دوێنێش سەرۆککۆمار لەگەڵ ھەریەک لە باڵیۆزی ئەمەریکا و بەریتانیا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بوونەوە و تێیدا داوای لێ کردن ھەست بە ڕۆڵی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ دەست پێ بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا ھەردوولا داوایان لە ئێمە نەکردووە، ئەگەر داوامان لێ بکەن، ئێمە ئەو کارە دەکەین، بەڵام بە ڕای شەخسیی من، ئەوان ڕاست ناکەن، گەر نیازیان بێت دەتوانن گوشار لەسەر سەرۆکوەزیران دروست بکەن و گفتوگۆ بکرێت."

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق ڕوونیشی کردەوە: "سەرۆککۆمار لەگەڵ (نووری مالیکی)ـش کۆ بووەتەوە و ئەویش پشتگیری لە ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکات و ھاوکات لەگەڵ (ھادی عامری)ـیش کۆ بووەتەوە و ئەویش بەڵێنی داوە دۆخی خورماتوو ئاسایی بکاتەوە و حەشدی شەعبی لەو شارە بکشێتەوە و لەمڕۆوە دەست بەو کارە بکات، ئەگەر لە بەڵێنەکانی پەشیمان نەبیتەوە."

لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق غروورێکی گەورەی گرتووە و گوێ لە کەس ناگرێت و تا ئێستا وتارەکانیشی بە جۆرێکن کەڵکی ئەوەی نییە لەگەڵی دانیشی و سەرۆککۆماریش دەسەڵاتی نییە گوشاری لێ بکات، بەڵام وڵاتان گەر مەبەستیان بێت دەتوانن ئەو کارە بکەن، بۆیە تاکە چارە ئەوەیە فشار لەسەر

سەرۆکوەزیران دروست بکرێت و بە گفتوگۆ کێشەکان چارە بکرێن، ئەمەش لەو ڕێگەیە دەکرێت حکوومەتی ھەرێم بانگھێشتی ھەموان بکات لە ھەولێر و ئەو داواکارییەیان لێ بکات، کە چیی تر بێدەنگ نەبن."

بڵند ئیبراھیم