Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت کارەساتی خورماتوو بە جینۆساید بناسرێت

 

هەولێر-KDP.info-   ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا پێشانگایەکی تایبەت بەو کارەساتەی لە لایەن حەشدی شعبییەوە بەسەر خورماتوودا هاتووە، کرایەوە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش رایگەیاند، کە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (جەعفەر ئێمینکی) لە میانەی کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت بە کارە تاوانکارییەکانی حەشدی شەعبی لە دژی ماڵ و مڵک و هاووڵاتیانی شارۆچکەی خورماتوو، بۆ دەزگا راگەیاندنەکان رایگەیاند: "رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لەسەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەسەر شارۆچکە و هاووڵاتیانی کورددا لە خورماتوو هێندراوە، راپۆرتی خۆیان نووسیوە، هەروەها لە لایەن پەرلەمانتاران و قایمقامی شارۆچکەکەش مەیدانییەن کاریان لەسەر کردووە."

شارۆچکەی خورماتوو لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە هۆی رێککەوتنێکی نهێنی چەند کەسێکی سەر بە لایەنێک وەک شاری کەرکووک رادەستی حەشد و سوپای عێراقی کرا، دواتریش لە لایەن حەشدەوە چەندین تاوانی کوشتن و دەستدرێژی و سوتاندن و تاڵانکردنی ماڵ و مڵکی هاووڵاتیانی کوردییان دەستپێکرد، لەوبارەشەوە (ئێمینکی) بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: "تاوانی گەورە دژ بە کورد و شارۆچکەکە کراوە، پێویستە بە بە جینۆساید بناسرێت، چونکە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لە بەردەستە".

ناوبراو پێشانگاکەی ئەمڕۆیشی بە بایەخدانی حکوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتیانی ئەو شارۆچکەیە گەڕاندەوە و گوتیشی: "خەڵکانی ئەو شارۆچکەیە نەهامەتییان زۆر چەشتووە و دەبێت بە هانایانەوە بچین و هاوکارییان بکەین".

خێڵان بەختیار