Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بگەڕێنەوە پێش ٢٠٠٣!

هاودەنگ فارووق

ئەو زۆردارەی وەک خاوەنی هەموو شتێک مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکەی دەکات، سەرنجامیش ستەمکاری و گەندەڵی و تیرۆر و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی دەوڵەت بەرهەم دێنێ.
لە سەردەمی خەباتی شاخ و شاردا کورد باوەشی مرۆڤدۆستانەی بۆ شیعەکانی عێراق کردەوە، لە دوای رووخانی ڕژیمی بەعسیش، کوردستان بووە تاکە دەروازەی هەناسەی ژیان و ئازادی و گەیاندنیان بە دەستەڵاتی بەغداوە، لێ ئەوان بە نەفەسی تائیفی و شۆڤێنی حوکمڕانییان دەست پێکرد و بەرەو سپڵەیی و لوتکەی دژەکوردبوون و تاکڕۆیی هەنگاویان ناو بە نانبڕین و هێرشی سەربازی وەڵامی وەفا و نمەکی گەلی کوردستانیان دایەوە.
سەرکردە شیعەکانی حاکمی ئێستای بەغدا داوا لە حکوومەتی کوردستان دەکەن، تا سنوورەکانی پێش (٢٠٠٣) بکشێتەوە، واتا بگەڕێتەوە سەر خەتی سەوز (٣٦)، ئەو تخوبەی دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی کوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی کوردستان لە هێرش و هەڕەشەی ئەرز و ئاسمانی سوپای ئەوسای عێراق، لە خەتی تەماسی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق دیاری کردبوو، نەک بۆ دانانی سنوور و نەخشەی(هەرێمی کوردستان).
ئەم داوا ناڕەوایەی سەرانی شیعەکان لە کاتێکدایە، کورد لە (٢٠٠٣)ـدا ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا هەبوو، لە جەبهەی باکووریش، پێشمەرگە خوێنێکی زۆری بەخشی و قوربانیی زۆری بۆ ڕاماڵینی سوپای عێراق دا و وڵاتەکەی ئازاد کرد و دەوڵەتی عێراقی نوێی بۆ دروست کردنەوە، کوردستان داعشی تێ‌کشکاند و هەموو ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی ئازاد کردەوە و مووسڵی بۆ ڕزگار کردن.
بۆیە ئەگەر داوایەکی نالۆژیکیی وا لە کورد بکرێت، زۆر باشە، کورد دەگەڕێتەوە پێش ٢٠٠٣، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ سەرانی دەستڕۆیشتووی شیعەش، بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی لێیهاتوون و پەناهەندە بوون، واتا دەبێ بچنەوە بۆ تاران و شام و بەیرووت و لەندەن!!
سەرانی شیعەی عـــێراق، بە ڕقی تایەفەگەرانە، شێتی مەزنبوون و لوتبەرزی و عەقڵیەتی تۆڵەسەندەنەوە ڕەفتار دەکەن، دەیانەوێت عێراقی نوێ بەرەو بنەمای میلیشیاییی سەربازی بەرن و بە تەواوی دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرن، دەیانەوێت لاسایی دەستەڵاتی بەعس بکەنەوە و بۆ پاکتاوکردنی کورد، عێراق بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی و ماڵویرانی زیاتر ببەن، بەڵام دڵنیاین ئەم ئاواتەیان بە پێچەوانە دەکەوێتەوە و خەونی عێراقێکی مەزهەبگەرای یەکگرتوویان، دەبێتە وڵاتێکی دابەشکراو و کۆمەڵگەیەکی لێکترازاو.
گرووپە شیعەکانی عێراق بەر لە ڕووخانی سەددام لەوڵاتەدا، زۆرینە شیعیەکان نیشتەجێ بوون و سەرچاوەی هاندان و پیتاکیان لەو وڵات و دەستەڵاتانەوە پێدەدرا، ئێستایش شەڕی بەوەکالەت بۆ هەمان ئەو ڕژێمانە دەکەن، کە مەبەستیان نانەوەی ئاڵۆزی و ئاشووبە لە عێراقدا.
عێراقی ئەمڕۆ لەسەر دەستی حوکمڕانانی بەغدا هێندە ئاڵۆز بووە، کۆمەڵێک بازرگان و مافیا سودمەندی یەکەمن .
وڵاتیان بەرەو جەنگێکی دەروونی و پاکتاوی جەستەیی بردووە، ڕۆژ نییە بە دەیان کەسی بێ تاوان خواردەی ئەو جەنگە ترسناکەیان نەکەن .