Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسیی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ مه‌كته‌ب و دەستە و دەزگا ناوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووه‌وە و ڕایگه‌یاند، ئەو بارودۆخەی بە نایاسایی و نائاسایی دروست بووە، كاتییە و هەتا سەر نابێت و تێدەپەڕێت. هاوكات ڕایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسیی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.

 

ڕۆژی شەممە 2ـی 12ـی 2017 لە شاری هەولێر، (سەرۆك مەسعوود بارزانی) لەگەڵ ئەندامانی مەكاتب و دەستە و دەزگا ناوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر دواپێشهاتە سیاسییەكان و قوناغی دوای ڕیفراندۆم و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان و جەختی لەوە كردەوە، كە دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ دانوساندن لەگەڵ عێراق كراوەیە و ئێمە گفتوگۆ بە باشترین چارەسەر دەزانین، بەڵام لە هەمانكاتدا فەرزكردنی ئەمری واقع لە ڕێگەی زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە.
ڕاشیگه‌یاند، كەس با شەڕی ئیرادە لەگەڵ خەڵكی كوردستان نەكات. گەلی كوردستان ئیرادەی ناشكێت و ئاڵای سپی بۆ زۆرداری و زوڵم و خیانەت هەڵناكات و خۆی بەدەستەوە نادات.

 


(سەرۆك بارزانی) تەئكیدی لەوەش كردەوە، كە ئەو بارودۆخەی بە نایاسایی و نائاسایی دروست بووە، كاتییە و هەتا سەر نابێت و تێدەپەڕێت.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی وتەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند، كە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسیی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.