Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركماندا كۆ بووه‌وە

 

هەولێر-KDP.info-  لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركمانی، (سەرۆك بارزانی) ستاییشی هەڵوێست و بەشداریی پێكهاتەی توركمانی كرد لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم و، جەختیشی لە پێویستیی بەردەوامبوونی پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە ماف و یەكسانیی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی كوردستان كردەوە.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 30ـی 11ـی 2017، لە سەلاحەددین، (سەرۆك مەسعوود بارزانی) لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركمانی كۆ بووه‌وە.

لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی موحەممەد (درودی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە و موسڵمانانی كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی جیهان كرد و، لە وتەیەك دا ڕۆشنایی خستەسەر دواپێشهاتە سیاسییەكان و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ڕابردوو.

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) ستاییشی هەڵوێست و بەشداریی پێكهاتەی توركمانی كرد لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم و جەختیشی لە پێویستیی بەردەوامبوونی پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە ماف و یەكسانیی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی كوردستان كردەوە.
لەبارەی شاری كەركووكیش (سەرۆك بارزانی) تەئكیدی لەوە كردەوە، كە ناسنامەی كەركووك كوردستانییە، بەڵام مڵكی هیچ پێكهاتەیەك بە تەنیا نییە و دەبێ ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە توركمانییەكانی كوردستان سوپاسی هەڵوێست و خەمخۆریی (سەرۆك بارزانی)یان كرد لە پاراستن و ڕەچاوكردنی مافی پێكهاتەی توركمان لە ساڵانی ڕابردوو و لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقی و، هەروەها پشتیوانیكردنی بەردەوامی (سەرۆك بارزانی) لە پێكهاتەی توركمان.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە جەختیشیان لەوە كردەوە كە ڕیفراندۆم دەستكەوتێكی مێژوویی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانە و دەرخەری حەقیقەت و ویستی دانیشتوانی كوردستانە. ئەوەیشیان بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە پێكهاتەی توركمان لەگەڵ كورد و پێكهاتەكانی تری كوردستان چارەنووس و دواڕۆژی هاوبەشیان هەیە.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و بابەتی هەڵبژاردنەكان تاوتوێ كرا و جەختیش لە پاراستنی دەستكەوت و مافی پێكهاتەكان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئیستحقاقاتی سیاسی و هەڵبژاردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان كرایەوە.