Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ یووسف محەمەد: نیشتیمانپەروەری، شانازییەکە بەر ئەمسالی تۆ ناکەوێت

کارزان کەمال

ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوول دەستکەوتێکی مێژوویی و ئامانجی هەموو شۆڕشەکانی پێشتری گەلی کوردستانە و، هەرگیز لێی پەشیمان نین و دەستبەرداریشی نابین. ئەگەرچی ئێستا بەهۆی خیانەتی تاقمێکی وڵاتفرۆشەوە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بۆ ماوەیەکی کاتی دواخراوە، بەڵام ئەوە دەنگی ڕەوای زۆرینەی ڕەهای گەلی کوردستانە و بۆ یەکەمجاریشە دانیشتوانی زیاتر لە ٩٠ لە سەدی خاکی کوردستان بتوانن بە ئازادی و دیموکراسی پێکەوە بڕیاری خۆیان لەبارەی چارەنووسیان بە جیهان ڕابگەیەنن و، ئەو بڕیارەش شەرعی و دیموکراسییە و هیچ هێزێک شەرعیەت و مەشروعییەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەو بڕیارەی گەلی کوردستانی نییە.
یووسف محەممەد کە خۆی بە سەرۆکی باڵاترین دەزگای یاسادانانی کوردستان دەزانێت و خۆی یەکێک بووە لەوانەی لە سەرەتاوە بەشدار بووە لە بڕیاری دروستکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و، لە سەرەتای مانگی ٧ـی٢٠١٤ەوە کە ئامادەکارییە یاساییەکان بۆ ڕیفراندۆم لە پەرلەمانەوە دەستی پێکرد، ئەو وەک سەرۆکی پەرلەمان ڕۆڵی تێدا بینیوە، کەچی دواتر بووە سەرقافڵەی کودەتا و هەوڵەکانی بۆ شکستپێهێنانی ئەو پرۆسە مێژووییە، ئێستایش هاتووە و لە ترسان یان بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە خەنجەری نامەردانە لە پشتی گەلەکەی، گوتوویەتی: "پارتی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەزعی کوردستانی تێک دا".
لە وەڵامی ئەودا دەبێ ئەوە بڵێین کە پێش هەموو شتێک مرۆڤێک هێندە دڵبەکین و دووڕوو بێت و هەموو ئاوات و ئامانجی بووبێتە هەوڵی تێکدان و دژایەتیی دەستکەوتەکانی گەلەکەی، پێویستە لە بنچینە و ڕیشەی ئەو کەسە بکۆڵدرێتەوە کە سەرچاوەی ئەو هەموو حیقدە لە کوێوەیە.
دوای ئەوەش یووسف و ئەوانەی پشت یووسفیش دەبێ بزانن ڕیفراندۆم تەنها بڕیاری یەک کەس و حزبێک نەبووە و هەر خودی حزبەکەی یووسف، کە بزووتنەوەی گۆڕانە لە دەقی ڕێککەوتنە هاوبەشەکەیاندا لەگەڵ یەکێتی جەختیان لە ڕەوایی ڕیفراندۆم کردۆتەوە و زۆرینەی هەرەزۆری حزبەکانی کوردستانیش پشتیوانی ڕیفراندۆم بوون و کاریان بۆ کرد و خودی ڕێکخەری حزبەکەی یوسفیش یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر زووە چووە سەر سندووقی دەنگدان و بە شانازییەوە ڕایگەیاند کە بە بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە.
ئاخۆ ئەگەر حیقد و خیانەت نەبێت، ئەوە چ پاڵنەرێکە وا لە یووسف دەکات دژی دەنگی ٣ ملیۆن کەس لە گەلەکەی ڕاوەستێت و لەگەڵ شەپۆلی خواستی نەیارانی گەلەکەیدا مەلە بکات و هاوئاوازی دوژمنانی کوردستان بێت؟ ئاخۆ دوای ئەم قسانەی بە چ ڕوویەکەوە خۆی بە سەرۆکی ئەو پەرلەمانە دەزانێت کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی پەسند کردووە؟
لە کۆتاییشدا بە یووسف و هاوبیرەکانی دەڵێین، ئەگەر پێتان وایە پارتی بە تەنها تەحەممولی بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکات، ئەوە پارتی شانازیی بەوە دەکات و هەرگیز لێی پەشیمان نییە. بەشداریی لە کارێکی ئاوا مەزن و نیشتیمانی و چارەنووسساز، شانازییەکی گەورەیە و بە مرۆڤی نیشتیمانپەرەوەر و تێکۆشەر دەکرێت نەک کەسانی بودەڵە و وڵاتفرۆش و خیانەتکار.