Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

موسەننا ئەمین: به‌و دەستووره‌ی پڕوپاگەندەی جێبەجێكردنی دەكه‌ن، بە كەمتر لە ١٧% رازی نابین

 
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دكات، ئەگەر بەغدا دەیەوێ یاسا و دەستوور جێبەجێ بكات، پێویستە لەوەوە دەست پێ بكات بەشەبوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان رەوانە بكات. دەشڵێ، "بە ھەموولایەكمان راگەیاندووە بە كەمتر لە ١٧% رازی نابین و مافی خەڵكی كوردستانە بەپێی دەستوورێك كە عێراق پڕوپاگەندەی جێبەجێكردنی دەكات".
 
بە گوێرەی دەستوور، پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵ پابەندی خەرجكردنی ھەموو شاییستە داراییەكانی بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان بێت، بەڵام ماوەی چوار ساڵە بەغدا بە بڕیارێكی سیاسی مووچە و بوودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕیوە، لەبارەی ناردنی بەشەبوودجەی ساڵی داھاتووی ھەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، دكتۆر (موسەننا ئەمین)، سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھەموو ھەوڵەكان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بەغدا پابەندی دەستوور و یاسا بێت بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان، ھەروەك چۆن خۆی پڕوپاگەندە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور دەكات، چونكە بەپێی دەستووری عێراق ھەرێمی كوردستان نەوتی ھەبێت و نەبێت پێویستە بەغدا مووچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دابین بكات و پارە بۆ پڕكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان بداتە ھەرێمی كوردستان، ئەمە بەپێی دەستووری عێراقە و ھیچ خێرێك بە ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ناكەن ئەگەر بینرێن".
 
سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو گوتیشی، "ئێمە ساڵانی رابردوو و ئەمساڵیش وەك نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر زامنكردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دەكەین لەنێو پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق و، ھەرێمی كوردستانیش ھان دەدەین پابەندی رێككەوتن بێت لەگەڵ بەغدا، تا ھیچ بیانوویەك نەمێنێتەوە بۆ عێراق بزانین نیەتیان ھەیە و راست دەفەرموون ئامادەن بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان بنێرن، چونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ئامادەییەكی خۆی پیشان داوە بەوەی كە بەغدایش پابەندی دەستوور و یاسا بێت".
 
لەبارەی دیاریكردنی رێژەی ١٢%ـی بوودجەی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان، دكتۆر (موسەننا) ده‌ڵێ، "پێویستە ئەو ١٢%ـەی دیاری كراوە بۆ ھەرێمی كوردستان دەستكاری بكرێت، لەبەر ئەوەی پێشتر رێككەوتن كراوە پشكی ھەرێم ١٧%ـی بەشەبوودجەی بەردەكەوێ، تا ئەو كاتەی سەرژمێریی سەرتاسەری بۆ دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوە حكوومەتی عێراق خۆی بەرپرسیارە لەوەی تا ئێستا سەرژمێری ئەنجام نەداوە و دەبێت پابەندی ١٧% بێت تا ئەو كات بەپێی ئەنجامی سەرژمێری یەكلا دەكرێتەوە، ھەموو ھەوڵەكانیشمان لەگەڵ عێراق و ئەمەریكا و لایەنەكان خستوووەتە گەڕ بەوەی كە بە كەمتر لە ١٧% رازی نابین".
 
 
قائید میرۆ