Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرحان سلێڤانەیی: به‌غدا زانی هه‌ڵه‌ی كردووه‌، بۆیه‌ به‌ بەشەبوودجەی ھەرێمدا ده‌چێته‌وه‌

 

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حكوومەتی عێراق گۆڕانكاری لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا دەكات و رەنگە بیكاتەوە ١٧%، چونكە بە ھۆی گوشاری كەسانێكەوە بەشەبوودجەی ھەرێم كەم كراوەتەوە، ئێستایش حكوومەتی عێراق دەزانێت سەر ناگرێت، بۆیە وەكوو خۆی لێ دەكاتەوە.


پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو رەوانەی پەرلەمان كرا، بەڵام دوای ئەوەی ھەندێك كەموكوڕیی تێدا بوو، جارێكی دیكە بۆ حكوومەت رەوانە كرایەوە بۆ ئەوەی ھەندێك گۆڕانكاریی تێدا بكات، بەڵام وه‌ك (سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "هێشتا بۆ ئێمە نەنێردراوەتەوە و رەنگە بچێتە دوای پشووی وەرزی پەرلەمان".

لەبارەی بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستانەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "دوو بۆچوون لای حكوومەت ھەن، بۆچوونێك باس لەوە دەكات كە بكرێتە ١٥% و بۆچوونێكیش ئەوەیە كە بكرێتەوە ١٧% كە ئەوە ڕەنگە سەر بگرێت، چونكە حكوومەتی عێراق دەزانێت كارێكی ھەڵەی كردووە و پێچەوانەی یاسا و دەستوورە، ئەو كارەی حكوومەتی عێراقیش بە ھۆی گوشارێكی كەسانێكەوە بووە، بۆیە وەكوو خۆی لێ دەكرێتەوە."

حكوومەتی عێراق لە ئامادەكردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی دابێ، بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستانی بۆ ١٢.٦٧% كەم كردبووه‌وە، كە پشكی ھەرێم بەو شێوەیە دەبێتە شەش ترلیۆن دینار و بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانیش ناكات، بەڵام پڕۆژەیاساك گەڕاوەتەوە بۆ حكوومەت بۆ ئەوەی گۆڕانكاری تێدا بكەن.
(سلێڤانەیی) ده‌شڵێ، كورد جەخت لەوە دەكاتەوە كە، بە ھیچ جۆرێك نابێت بەشەبوودجەی ھەرێم كەم بكرێتەوە و پێویستە وەكو پێشتر ١٧% بێت.

بڵند ئیبراھیم