Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زەحمەتکێشان: بەڕوونی دیارە بەغدا نیەتی چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەولێر نییە

هەولێر-KDP.info- سەرکردەیەکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەغدا ھیچ نیەتێكی ڕژدی بۆ چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نییە و دەڵێ، سەردانی شاندی حکوومەت بۆ لای ھێزە سیاسییەکان بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین، بۆ ئەوەی بۆچوونی ھەموو لایەنەکان لەبارەی قۆناغی ئێستا وەربگیرێت.


ھەرێمی کوردستان  ئامادەکاری  بۆ دانوستانێکی ورد لەگەڵ بەغدا دەکات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەیەوێت ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بەشداریان ھەبێت لە چارەکردنی پرسەکاندا. لەم بارەیەوە (بەھمەن حوسێن)، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لای ھێزە سیاسییەکان و ئەو ھەوڵانەی دەدەرێن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان بە ئەرێنی دەبینن، چونکە دوای ئەو ڕووداوانەی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا ھاتن بە عەقلیەتێکی تازە مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەین، پێویستە ھەموو لایەنەکان بە دوای یەکڕیزی و یەکبەرنامەییدا بگەڕێن، چونکە ئێمە و عێراق لەبەردەم قۆناغێکی نوێداین بۆ دەستپێکردنی دانوستان، گرنگە حکوومەتی ھەرێم بۆچوونی ھەموو ھێز و لایەنەکان وەربگرێت، پێشم وایە گرنگ نییە کێ بەشداریی شاندەکە دەکات، گرنگ ئەوەیە خۆمان بۆ ئەجێندای دانوستانەکان ئامادە بکەین، تا بتوانین ھەموومان پێکەوە قۆناغی ئێستا دەربازی بکەین و بە یەکگرتوویی بچینە نێو دانوستانەکانی داھاتوو لەگەڵ عێراق.''

سەرکردەکەی حزبی زەحمەتکێشان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئێمە وەک کورد ڕژدین لەسەر چارەکردنی کێشەکان، بەڵام من پێشبینی دەکەم بەغدا ھیچی پێ نییە بۆ کوردستان، ئەگەر ئەوانیش ڕژد نەبن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوە بۆ ئێمە باشە و لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەکەوێت، بەغدا نیەتی نییە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکانی لەگەڵ ھەرێم.''

لەبارەی داواکاریی حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، (بەھمەن حوسێن) گوتی: ''عێراق باسی جێبەجێکردنی دەستوور دەکات بەسەر ھەرێمی کوردستاندا، ئەگەر ئەوان ئەوەندە خەمخۆری دەستوورن، بۆچی پێش چەند ساڵ دەستوور جێبەجێ نەدەکرا،  خۆ بە پێی دەستوور دەبێ عێراق مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، کەچی گوێی بە دەستوور نەداوە، بەڵام وا باشترە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی ھەم بۆ جیھان و ھەمیش بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بێتەوە، کە بەغدا بەو شێوەیەی پڕۆپاگەندەی دەکات ئامادەی چارەکردنی کێشەکان نییە، ئەوکات ئێمە دەتوانین بڕیار و ھەڵوێستی خۆمان دیاری بکەین لەبارەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە بەرەو کوێ دەچێت.''

قائید میرۆ