Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرچاوەیەکی ئاگادار: شاندێکی شیعەی سیاسیی هاتوونەتە چیای شنگال

شنگال-KDP.info-  سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەر چیای شنگال ڕایگەیاند، دوێنێ شاندێکی باڵای شیعەی سیاسی سەردانی چیای شنگالیان کردووە و بۆ کاری خزمەتگوزاری نەهاتوون، بەڵکو ئامانجێکی سیاسیان لەو سەردانەدا هەبووە.

سەرچاوەیەک لەسەر چیای شنگال، کە نەیویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوێنێ شاندێکی شیعە سەردانی سەر چیای شنگالیان کرد، ئەوانە بۆ ئەوە نەهاتوون، کە کەموکورتییەکان چین، بەڵکو بۆ مەرامێکی دیکە هاتوون، چونکە ئەگەر بۆ کاری خزمەتگوزاری بێت، ئەوا کەسانی ئیداری دەهاتن، بەڵام ئەو شاندە کەسانی سەر بە مەرجەعی شیعەن.''

سەرچاوەکە دەڵێت: ''ئەوان بۆ مەرامێکی سیاسی هاتوون، کە دەیانەوێ چیای شنگال بکەنە بنکەی سەربازیی خۆیان و بە ناوچەیەکی ستراتیژیی دەبینن.''

چیای شنگال جێگایەکی ستراتیژیی ناوچەکەیە و بەتایبەت لووتکەکەی جێگایەکی ستراتیژیی سەربازییە و لووتکەی چیایەکە ناوچەی (چل مێرا)یە، ئەو جێگایە بوو کە حکوومەتی بەعسی عێراق، لە سەردەمی ڕژێمی (سەددام)دا، لە ساڵی ١٩٩١دا ٣٩ مووشەکی دوورمەودای ئاراستەی ئیسرائیل کرد.''
بە گوێرەی تێڕوانینی شارەزایانی سەربازی و سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئێران چاوی لە چیای شنگالە و دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت.

کــــاروان بــــاعەدری