Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەڵەدنی: ئەولەوییەت بۆ یاسای ھەرێمه‌ نەك عێراق.. زه‌نگه‌نه‌: ناتوانن كارێكی وەها بكەن

 

ھەولێر-KDP.info- لیژنەكانی مافی مرۆڤ و یاسایی و ئەنجوومەنی كاروباری خانمان، دەربارەی ھەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی لە عێراق دەڵێن، ھەرێمی كوردستان پەیوەست نابێت بەم یاسایە و كاریشی پێ ناكات، بەڵام ھەر دەبێت پێشی لێ بگیرێت، چونكە پێشێلكردنی مافی ئافرەت و منداڵانە.

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ و چوونی ھێزی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ھەندێك لە ناوچەكانی ھەرێمی  كوردستان، عێراق دەستی كردووە بە ھەمواركردنەوەی  چەند یاسایەك لە ئەنجوومەنی نوێنەران و، زیاتر گرینگی بە یاساكانی مەزھەبی شیعی دەدرێت، یەكێك لەم یاسایانە ھەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی بووە، كە دژی مافەكانی مرۆڤە بە تایبەت دژی  پێشێلكردنی مافی ئافرەت و منداڵە،  پێوەست بە كاریگەریی یاساكەیش لەسەر ھەرێمی كوردستان لە ڕووی یاسایی و مافی مرۆڤەوە، (ئەبوبەكر ھەڵەدنی)، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، " ئەو یاسایە بە یاسایەكی خراپ دەزانین و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە، لە لایەكی ترەوە پێم وایە سوكایەتیكردنە بە ڕەگەزی مێیینە و بە ئافرەت، ئاخر گەر منداڵی (٩) ساڵە بە شوو بدرێـت لە ھەموو ڕوویەكەوە پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە، بۆیە پێویستە بوار نەدرێـت كە ئەو یاسایە ھەموار بكرێتەوە."

 (ھەڵەدنی) گوتیشی، "ئێمە تەنھا پەیوەندیمان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ھەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور دەتوانێت یاساكانی تایبەت بە خۆی دەربچوێنێ، لەبەر ئەوەی ھەرێمی كوردستان ھیچ پەیوەست نیە بەو یاسایە و لای ئێمە كاری پێ ناكرێـت و كاریگەریی نییە لەسەر ھەرێمی كوردستان، ئێمە بەپێی دەستوور ھەرێمێكی سەربەخۆین و خۆمان دەتوانین تایبەت بە خۆمان یاسا دەربكەین، ھەركات كێشەیەك ھەبێت لە نیوان یاساكانی عێراقدا بۆ كوردستان، ئەولەوییەت بۆ یاسای ھەرێمی كوردستانە نەك عێراق."

لە ڕووی مافی مرۆرڤیشەوە، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان (فەیرۆز ئاكرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "جێگای داخە ئەم پڕۆژەیە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە لە پەرلەمانی عێراق كە پێی دەڵێن (پڕۆژەی جەعفەری) و تایبەتە بە مەزھەبی شیعی  ئەمە عەقڵییەتی كۆنەپەرستییە كە چۆن كچێك لە ڕووی جەستەییەوە ھێشتا پێنەگەییشتووە بە شوو بدرێـت و ڕووبەڕوی بەرپرسیارەتیی گەورەی وەك پێكھێنانی خێزان بكرێـتەوە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەك ئەم پڕۆژەیە ھەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و كوردستان خاوەنی پەرلەمان و حكوومەتی خۆیەتی و یاسایای تایبەت بە خۆی ھەیە، ئەمەی عێراق پێشێلكارییە دەرهەق بە مافی ئافرەت و منداڵ، چونكە منداڵێكی (٩) ساڵ بە هەموو پێوەرێك و لە ھەموو جیھاندا هەر بە منداڵ حسێب دەكرێـت."

(پەخشان زەنگەنە) لە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی، "ئەم بابەتە خراوەتە بەرنامەی كارەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی ھەمواركردنی یاسای باری كەسی لە عێراق، وەك ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بەیاننامەیەكمان دەكرد كە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین، پشتیگیریی ھەموو ئەو ھەوڵانەمان كرد لە ناوچەكانی عێراق لە دژی ئەو یاسایە، بەڵام ئەگەر ئەوە تێپەڕێت، ئێمە كار دەكەین بۆ ئەوەی بە ھیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستان نەبێت، وەلێ كێشەیەكمان ھەیە، ئەگەر یاسایەكە جێبەجێ بوو پەیوەستیش نییە بە كوردستان، بەڵام خەڵكی كوردستان بۆی ھەیە بڕوات لە ناوچەكانی تری عێراق كاری وابكات و كێشەی بۆ دروست نابێت، بۆیە ئەوكات لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتیش كار دەكەین بۆ ئەوەی ڕێنماییەكی وا دەربچێت تا لە كوردستان نەتوانن كارێكی وەها بكەن."

 

فایزە كۆیی