Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

٢٦٠ خێزانی زیانلێكەوتووی بوومەلەرزە هاوكاری كران.. ١١٠٠قوتابییش پێداویستیی خوێندنیان پێشكەش كرا

 

هەولێر-KDP.info- كاروانێكی دیكە لە هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەگەیەنرێتە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەكانی كوردستان كە تێیدا خواردن و خێمە و پێداویستییەكانی دیكە پێشكەش بە ٢٦٠ خێزان دەكرێت. هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی كار و چالاكییەكانیدا جانتا و پێداوستیی خوێندن پێشكەش ١١٠٠ قوتابیی  قوتابخانەكانی بالیسان دەكات.

تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی شارەدێی بەمۆیان بەسەر كردەوە و لە چالاكییەكدا ٢٦٠ پارسێلی خۆراك و ١٢٦٠ بەتانی و ٢٦٠ یاریی منداڵان و ٥ خێمەیان پێشكەشی ٢٦٠ خێزانی زیانلێكەوتووی بوومەلەرزەكان كرد.

جێگای ئاماژەیە ١٢/١١/٢٠١٧ بوومەلەرزەیەكی بەهێز باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە و لە دەربەندیخان و پارێزگای كرماشان زیانی گیان و ماڵی لێكەوتەوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوابەدوای بوومەلەرزەكە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاری كردنی زیان لێكەوتووان. تیمەكانی جۆرەها پێداویستی سەرەتایی دەگەیەننە خێزانەكان.

هەروەها رێكەوتی ٢١/١١/٢٠١٧ بە مەبەستی پشتیوانیكردنی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندندا دەزگای خێرخوازیی بارزانی قوتابیانی  قوتابخانەكانی بنەڕەتیی سێ شارەدێی سەر بە ئاكرێی بەسەر كردەوە و جانتا و پێداویستیی خوێندنی پێشكەشی ٨٠٠ قوتابی كرد.

ئەم هاوكارییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی خوێندی ساڵێكی قوتابییەكان پڕ دەكاتەوە و پاڵپشتییەكی ماددیی باشە بۆ خێزانی قوتابییەكان و مەبەست لێی پشتیوانیكردن و هاندانی قوتابییەكانە بۆ بەردەوامی دان بە پرۆسەی خوێندن و سەركەوتنیان.