ههولێر-KDP.info- دەنگۆی سهرههڵدانی گرووپێکی چەکدار لە ناوچەیەکی نێوان قەزای خورماتوو و کفری پەردەی لەسەر ئەو راستییە لادا کە پێشبینی دەکرا دوای داعش گرووپ و تاقمی دیکە لە عێراق پەیدا دەبن. شارەزایان پێیانوایە داعش کۆتایی نەھاتووە، بەڵام شێوازی چالاكییهكانی خۆی دەگۆڕێت و وا به ئاسانییش دهستبهرداری بیری تووندڕۆیی خۆیان نابن.
سەرچاوەیەک لە دەڤەری گەرمیانهوه کە نەیویست ناوی ببرێت، زانیاریی دا كه لە ئێستادا گرووپێکی ھاوشێوەی داعش لە سنووری ناوچەی دادودە پەیدا بوونە و ژمارەیان نزیکەی ٤٠٠ چەکدارێک دەبێت، بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، له نێو گرووپەکەدا چەکداری جۆراوجۆری تێدان و بنکە و بارەگایان دامەزراندووە.
ئهو سهرچاوهیه له بهردهوامیی لێدوانیدا بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشبینی دەکرد داعش بن، بەڵام تاکتیک و پیلانیان گۆڕیبێت، زانیارییشی دا كه ''بەشێک لەو چەکدارانە پێشتر لە ئێران بوونە و ئەزموونیان ھەیە لە كرده و جووڵهی چەکداری، لە رۆژانی دابێ ئامانجیان دیار دەبێت و پەیامیشیان دەبێت.''
(ھۆشەنگ تاجر) كه شرۆڤەکاری سیاسییه، دروستبوونی داعش و لەناوچوونیشی به گەمەیەکی سیاسی نێودەوڵەتی ناو دهبات دهڵێ كه خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.
(تاجر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، داعش لە حەویجە و تەلەعفەر بەرگرییەکی ئەوتۆی نەکردووه، چەکدارەکانی بەرەو ناوچەکانی دیکە و تەنانەت وڵاتانی ناوچە بڵاوە پێکرد، ''پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ھەردوو قەزای حەویجە و تەلەعفەر دوو ناوچەی گرینگی گرووپی تیرۆریستی داعش بوون، بۆچی لێیاندا بەرگری نەکرا؟''، ئهو شرۆڤهكاره به گومانه لهوهی كه لە حەویجە و تەلەعفەریش دهكرا بەھەمان ئەندازەی شهڕی مووسڵ داعش بهرگری كردبا ئەگەر شەڕی قورستریشی نەکردبایە، بەڵام وهك ئهو جهختی كردهوه ''دیارە ئەو گرووپە تیرۆرستە تاکتیکی خۆی گۆڕیوە ھەرلەبەر ئەوەش چەکدارانی خۆی رزگار کردووە بۆ شوینی دیکە.''
(ھۆشەنگ تاجر) باوهڕی وایه كه ھەر وڵاتە و ژمارەیەکی چەکداری لەناو ریزەکانی داعش بووه، کە شەڕیش کۆتایی ھات، بۆ کوێ چوون؟، ئهو وهڵامی ئهو پرسیارهی خۆی دهداتهوه و دهڵێ ''دەگوترێ بەشێکیان لەنێوان سنوورەکان خۆیان حەشار دابێت، یانیش ھەر لە ناوچەکانی دیکە خۆیان رێک بخەنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی، چونکە پێموانییە ئەو ھەزاران چەکدارەی پاشماوەی داعش ھەروا بهئاسانی دەستبەرداری فکر و ئایدۆلۆژیای خۆیان بن. پێشبینی دەکەم گرووپێکی دیکەی تیرۆریستی ئینجا لەژێر ھەرناوێک بێت لە عێراق سهرههڵدهداتهوه.''
ماڵپهڕی فهرمیی پارتی پێوهندی كرد به قایمقامی كفرییهوه (شێخ جهلال)، بهڵام به هۆی ئهوهوه كه گوتی ئهو گرووپه چهكداره له ئهوانهوه دوورن، هیچ قسهیهكی نییه تا لهوبارهیانهوه بیكات.
ھەرلەو چوارچێوەیەدا لە لێدوانێکی پێشوودا (حەسەن جیھاد) شارەزای ئەمنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندبوو، داعش لە ڕووی فکرەوە کۆتایی نایەت، بەڵام لەسەر زەوی کۆتایی ھاتووە و ھیچ ناوچەیەکی ئەوتۆیشی بە دەستەوە نەماوە.
(جیھاد) باوهڕی وابوو كه لە رۆژانی دابێ داعش خۆی رێک دەخاتەوە و چالاکی دەبێت لە عێراقدا، ''بەڵام پیلانی خۆی دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی داعش زیانی پێگەیشت لەوەی سنوورێکی دابڕیبوو، پێدهچێ بۆ لهمهودوا له شێوهی چالاكی پارتیزانییەوە بتوانن ئامانجی خۆیان بپێکن.''
قائید میرۆ