Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەندیكای پارێزەران: دادگای فیدڕاڵی عێراق بێلایەنیی لە دەست داوە و زۆربەی بڕیارەكانی سیاسین

هەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سیاسین نەك یاسایی، چونكە ئەو دادگایە بێلایەنیی لە دەست داوە و نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت.

(بەختیار حەیدەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "هیچ هێزێكی یاسایی نییە بتوانێت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە كە گەل بڕیاری لێ داوە و دەنگی پێ داوە، بۆیە تەنیا لە یەك كاتدا ڕێفراندۆم هەڵدەوەشێتەوە ئەویش ئەگەر ڕیفراندۆمێكی تر بكرێت و گەل دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی پێشتر بدات، دادگای فیدراڵیی عێراقیش بە گوێرەی دەستوور دانەمەزراوە، بەڵكوو بە بڕیارێكی كارگێڕیی حكوومەتەكەی (ئەیاد عەللاوی) دامەزراوە، بۆیە ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم بدات."

(حەیدەر) گوتیشی، "لە دیباجەی دەستووری عێراقدا نەهاتووە كە ڕیفراندۆم ئەنجام درا، ئەو دادگایە بۆی هەیە دەرئەنجامەكانی هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق هیچ بایەخێكی دەستووری و یاسایی نییە و بڕیارێكی سیاسییە نەك یاسایی، چونكە ئەو دادگایە بێلایەنیی لە دەست داوە و نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت".

نەقیبی سەندیكای پارێزەران دەشڵێت، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت پابەندی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی نەبێت، چونكە زۆربەی بڕیارەكانی ئەو دادگایە لە بەرژەوەندیی (نووری مالیكی) دەردەكرێن و سیاسین."

 

هێڤیار هەڵەبجەیی