Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا هۆشداریی بەعەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە دەدەن

 

مووسڵ-KDP.info- هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا، هۆشداریی بەعەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كێشەلەسەرەكان دەدەن و دەڵێن، هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی هەزاران خێزانیان گواستووەتەوە كە نەوەكانیان لە ریزەكانی داعشدا بوون.

(مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت) گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا، لە ڕاگەیێدنراوێكدا كە وێنەیەكی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دراوە هاتووە، "هۆشداری لە بەعەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای نوێ لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دەدەین كە هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی هەستاون بە گواستنەوەی هەزاران خێزانی عەرەبی پشتیوانی داعش كە نەوەكانیان لە ریزەكانی داعشدا بوون و لەگەڵیان بوون لە ناوچەكانی رۆژئاوای مووسڵ و باشووری رۆژهەڵات ."

 هەر لە ڕاگەیێندراوەكەدا، گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا دەڵێت‌، "وەكو هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا داوا لە (حەیدەر عەبادی) دەكەین سنوورێك بۆ ئەو هەڵمەتە بەعەرەبكردنەی كە ئامانج لێی نانەوەی فیتنەی مەزهەبییە دابنێت، كە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی بەعەرەبكردنەكە لە ماوەی گواستنەوەی كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زوممار و ناوچەكانی تر و گۆڕینیان بە كەسانی گوماناویی تۆمەتباری گرێدراو بە تیرۆریستان بوو."

ڕوونیش كراوەتەوە كە، "ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردن دێت كە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتارەوەیە و خۆیان بە نوێنەری عەرەبی سوننە دەزانن، كەچی ئەمانە نوێنەری كەس نین جگە لە خۆیان نەبێت و ، ئامانجیان كۆتاییپێهێنانی پێكەوەژیانە لەو ناوچانەدا".

هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ئاماژەیش دەدەن، "ئێمە رەتی دەكەینەوە دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگیرێت و بەعەرەب بكرێن، هەروەها توندوتیژی و هەڕەشەكردنیش لە هاووڵاتیان لە تەواوی پێكهاتەكان و ئایینزاكان و نەتەوە ‌و مەزهەبەكان، ڕەت دەكەینەوە".

(ئەلحوێت) ڕوو لە (عەبادی) دەپرسێت، "چۆن ئەو داعشە ناسراوانە دەرباز بوونە و دەیانبینین لێدوان دەدەن و دێن و دەچن بە ئازادی لە ناوچە ئازادكراوەكاندا بێ سزا، لە كاتێكدا ئەوانە بەشدار بوونە لە تەواوی هێرشەكانی تیرۆریستان و دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەكان؟ بەوەیش نەوەستاون، بەڵكوو هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەكەن لە ژێر ناوی هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبیدا، بۆیە لێرەوە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق ئاگادار دەكەینەوە، سەرۆكایەتی وەزیران ئەگەر چارەیەك نەدۆزنەوە بۆ ئەو پرسە، ئەوا كارەساتێكی مرۆیی لەو ناوچانە ڕوو دەدات و دانیشتووانەكەی جارێكی تر ئاوارە دەبنەوە و لەبەر تیرۆریستانی داعش ڕادەكەن".

 

نەشوان بەرزنجی