Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانى کوردستان بڕیارى دادگاى فیدراڵیى عێراق رەت دەکاتەوە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان (جەعفەر ئێمینكی) رایگەیاند "دادگاى فیدراڵیى عێراق، تەنها دەستەڵاتى راڤەکردنى دەستوورى هەیە، نەک بڕیاردان لەسەر دەستووریبوون یان دەستوورینەبوونى گشتپرسیى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیی."

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لە دیدارێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵوی توركیادا گوتى: "بڕیارى دادگاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى گشتپرسیى هەرێمى کوردستان لە لایەن ئێمە چاوەڕوانکراو بوو، نیگەرانیى خۆمان ناشارینەوە لە هەبوونى دادگاى فیدراڵ بەمشێوەیەى کە هەیە، ئەم دادگایە لە ٢٠٠٤ دامەزرێنراوە. دەبووایە دواى پەسەندکردنى دەستوورى هەمیشەیی عێراق یاسایەکى دیکە دەرچووبا و دادگاى فیدراڵى دووبارە پێکبهێنرابایەوە، ئەمە جێبەجێ نەکرا و هەمان ئەو دادوەرانە درێژەیان بە کارەکانیان دا کە لە سەردەمى (پۆل برێمەر) دەستبەکار بوون، وێڕاى ئەمە چەندین تێبینیى دیکەمان لەسەر کارەکانى ئەو دادگایە هەیە، نیگەرانین لە هەموو بێدەنگییەکانى ئەو دادگایە بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنى مافەکانى گەلی کورد لە دەستوورى عێراقدا."

(د.جەعفەر ئێمینكی) گوتیشى: "دژبه‌ریێکی (تناقضات) زۆر لە بڕیارەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیدا هەیە، ئەگەر خودى سەرۆکوەزیرانى عێراق (حەیدەر عەبادى) پەرۆشى راڤەى دادگاى فیدراڵی بوایە، چاوەڕوانى راڤەى دادگاى فیدراڵى دەکرد، ئینجا پەنای دەبردە بەر لێکۆڵینەوە، هەروەها رێکارى یاسایی و دەستوورى دەگرتەبەر بەرامبەر بە گشتپرسیى هەرێم، بەڵام شپرزەیى بە بڕیارەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق تەنانەت راڤەکردنەکەی دادگاى فیدراڵییەوە دەبینین. بڕیارى دادگاى فیدراڵى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى گشتپرسیى هەرێمى کوردستان سیاسییە و هیچ بنەمایەکى دەستوورى نییە و دوورە لە روح و هەموو ماددەکانى دەستوور. پەرلەمانى کوردستان ئەم بڕیارەى دادگاى فیدراڵیى عێراق رەت دەکاتەوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، هەروەها گوتی: "بەپێى دەستوورى عێراق رادەربڕین تاوان نییە، گشتپرسیى هەرێمى کوردستان ئامرازێکى دیموکراسییە و نادەستوورى نییە، ئەگەر ئەوان باس لە ئامانجى گشتپرسییەکە دەکەن کە ئەویش نادەستوورى نییە، بەڵام دەرفەتى وتوێژ و قسە لەسەرکردنى هەیە".

(ئێمینكی) گوتیشی: "هەرێمى کوردستان زیاتر لە ١٣ ساڵە بە دەست عەقڵیەتى حکومڕانانى عێراقەوە دەناڵێنێت، کە عەقڵییەتێکی مەزهەبى و تاکڕۆیى دوور لە بنەماکانى دیموکراسییە، ئێمە لەسەر بنەماى دیموکراسى گەڕاینەوە بەغدا، ئەوەش دەزانین کە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کورد کەمینەیە، ئەگەر رێککەوتن نەبێت هەرچى عێراق بیەوێت دەسەپێنێت لەژێر ناوى زۆرینە و کەمینەى سیاسى و ناوى لێ دەنێن، دیموکراسى. بەڵام ئێمە لەسەر بنەماى دیموکراسیەتی تەوافوق گەڕاوینەتەوە بەغدا، شەراکەت لەگەڵ بەغدا واتا داواکانى گەلى کوردستان تایبەت وەردەگیرێت، نەک بە زۆرینە و کەمینە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە رێککەوتن لەسەر پشکى لەسەدا ١٧ لە بووجەى گشتیی عێراق کراوە، ئەوەیش تا ئەو کاتەیە کە سەرژمێرى لە عێراق دەکرێت رەنگە دواى سەرژمێرى پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى عێراق ببێتە ٢٢ لە سەد مەرجیش نییە، لەوانەیە کەمتر بێتەوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان (جەعفەر ئێمینكی)، عێراق بە وڵاتێکى شکستخواردوو لە قەڵەم دەدات و دەڵێت "عێراق وڵاتێکى شکستخواردووى نادیموکراسییە، ئەگەر سەیرى عێراق بکەین لە هیچ روویەکەوە وەک دەوڵەت نەماوە."

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لەبارەی ئامانجی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ بەغدا گوتى: "هەرێمى کوردستان داواى دانوستان دەکات بە ئامانجی گەڕانەوە و جێبەجێکردنى دەستوورى هەمیشەییی عێراق، ئێمە هیچ کات داواى دانوستانمان نەکردووە بۆ جێبەجێکردنى ماددەیەکى دیاریکراوى دەستوور، بەڵکو ئیمە دەمانەوێت دەستوور لە ماددەى یەکەمەوە تا کۆتا ماددە جێبەجێ بکرێت، جێبەجێکردنى دەستوور بە تەواوی، زامنى گێڕانەوەی عێراقە بۆ سەر ئاراستەیەکى دروست."

"کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى نەبێت، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ جێبەجێکردنى دەستوور"
جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان (جەعفەر ئێمینکى) لەبارەى هەبوونى گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنى دەستوورى عێراق دواى هاتنەئاراوەى دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا گوتى: "هیچ گەرەنتییەک نییە، جگە لەوەی کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بە ئاگا بێت، دەبێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەشێک بێت لە چارەکردنى کێشەکان، هەرچەند کێشەکانى ناوخۆیی عێراق بن، بەڵام متمانە لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق زۆر لاوازە، نایشارینەوە کەسانێک لە بەغدا دەستەڵاتیان بە دەستەوەیە لە مرۆڤى ژیر ناچن، زوو غروور دەیانگرێت، هەر زوو پەنا بۆ چارەى لەشکرى دەبەن، بۆیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى رۆڵى خۆی بگێڕێت. لە رابردوودا لەگەڵ پێکهاتەکانى عێراق لە ئاستى بەرپرسیاریەتى مامەڵەیان کردووە، ناکرێت ئێستا پەشیمان ببنه‌وه‌ و ئەو گیروگرفتانەی هەیە بە چارەنەکراوى بەجێبهێڵن."

گوتیشی: "کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هاتووەتە سەرهێڵ بۆ چارەکردنى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، لەسەر ئاستى هەرەبەرزدا کە یەکێتیى ئەورووپا و وەزارەتى دەروەى ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەڕەنسایە داواى گفتوگۆ و دانوستانیان لە هەولێر و بەغدا کردووە، هەرێمى کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەک لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق."