Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تێبینییەك لەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی

 
موحسین دزەیی
 
لێرەدا ئەم تێبینییەم هەیە لەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی ریفراندۆمی كوردستان لە رۆژی 20/11/2017 باسی لایەنی سیاسی و مافی گەلان بۆ سەربەخۆیی ناكەم، باسی ئەوە ناكەم كە نەتەوە یەكگرتووەكان چ مافێكی داوە بە گەلان، بەڵام وەكو یاساناسێك كە زیاتر لە شەست ساڵە لە كۆلێژی ماف و یاسا لە بەغدا دەرچووم باسی لایەنی یاسایی دەكەم، رێزم هەیە بۆ دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئایا رەچاوی ئەو راستییە كراوە، ریفراندۆم یان گشتپرسی مانای ئەوەیە كە بۆچوونی "رەئی" خەڵك بزانین لەسەر هەر بابەتێك كە پەیوەندی بە خەڵكەوە هەبێت ئەو رەئیەش بە "ئا" یان "نا" ئەو رەئیەش ئەگەر "ئا" بوو مەرج نییە جێبەجێ بكرێ دەستبەجێ بەڵكو دوای بیست ساڵ یان سەد ساڵ یان هەر نەكرێ، بۆ نموونە ئەگەر لە عێراق ریفراندۆم كرا بۆ ئەوەی رەئی خەڵكی عێراق بزاندرێ لەسەر "یەكێتی وڵاتانی عەرەبی" واتە (الوحدە العربیە) گریمان زۆرینەی خەڵك گوتیان بەڵێ دەمانەوێ وەحدەی عەرەبی – كە ئەمەش دوورە – ئایا ئەوە مانای ئەوەیە كە سبەینێ كیانی عێراق هەڵبوەشێتەوە و عێراق بلكێ بە وڵاتانی عەرەبیەوە ؟ نەخێر ئەمە تەنیا رەئی خەڵكە لەسەر بابەتێكی كە مومكینە قەت جێبەجێ نەبێت. 
 
ریفراندۆمی كوردستانیش رەئی خەڵكە، بەپێی دەستووری عێراقیش بەیانی (رەئی) ئازادە سەیری مادە 38 لە دەستوور بكەن كە دەڵێ "دەوڵەت ئازادی دەربڕینی رەئی دەپارێزێت بە هەر وەسیلەیەك بەمەرجێك دژی ئادابی گشتی نەبێت" بۆ نموونە نابێت گشتپرسی لەسەر ئەوە بكرێ ئایا قومارخانە بكرێتەوە یان نا؟ جێگای داوێن پیسی گشتی بكرێتەوە یان نا؟. به‌ڵام بەیانی رەئی لەسەر بابەتی تر بە دەستوور پارێزراوە، ئایا بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی لەو مادە وردبووینەوە؟ تەنیا ویستم ئەو راستیانە بخەمە پێش خوێندەواری بەڕێز ئومێد دەكەم ئەندامانی بەڕێزی دادگای فیدڕاڵ و یاساناسان ئەو تێبینییە سەیر بكەن، بە رەئی من ئەو بڕیارەی دادگا دەستووری نییە. 
 
رۆژنامه‌ی خه‌بات