Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی، ڕیفراندۆم دەستووری بوو

 

عەبدولسەلام بەرواری

دادگای فیدراڵیی بەغدا بڕیاری دا، کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان نادەستوورییە و هەموو ئەنجامەکانی ڕەت دەکرێنەوە. ئەم بڕیارە چاوەڕوانکراو بوو، ئەگەر مێژووی ئەم دادگایەمان لە بیر بێت و چۆن کراوەتە ئەمرازێکی سیاسی.

دوور نییە، لەژێر ئەم بارودۆخە نالەبارەدا، حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی شیعەکانی بەغدا، بەڵکو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش، لە چارەسەرێک بگەڕێن تا مەرجەکانی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکەن و کۆتایی بەم هەلومەرجە بهینرێت. هەر چارەسەرێکیش سەرناکەوێت ئەگەر لە ڕێگای سەپاندنی بۆچوونێک بەسەر ئەویتر بێت، یان بۆ سووکایەتیکردن بێت بە لایەنیک.

بەغدا تێکەوتووە و هەڵوەشانەوەی ریفراندۆم بە مەرجی سەرەکیی دەستپێکردنی دانوستان دادەنێت. حکوومەتی هەرێم باش دەزانێت کە دەرکردنی بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم زۆر بە قورس لەسەری ڕادەوەستێت، ئەمە بێجگە لەوەی لە بنەڕەتدا هیچ هۆکارێکی یاسایی و دەستووری نییە حکوومەت خۆی بە ناچار ببینێت ئەم جۆرە بڕیارە بدات.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریکا کە ڕۆژ دوای ڕۆژ هەست دەکات کە هەڵەی کردووە کاتێک بەرانبەر بە ڕیفراندۆم هەڵوێستی تووند بوو، ئەو هەڵوێستەشی، بەغدای هان دا بەو ئاسانییە ملکەچی تاران ببێت و لە ڕێگای سەربازییەوە و بە هاوکاریی خیانەتکارانی ـ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەم بارودۆخە دروست بکات.

وەک زۆربەی جارانی پێشوو، ئەمریکا لێکدانەوە و هەڵوێستی پێچەوانەی واقیعی نواند کاتێک لەو باوەڕەدا بوو کە پشتگیریکردنی حکوومەتی بەغدا، ئەگەریش لەسەر حیسابی هاوپەیمانێکی مسۆگەری وەک کوردیش بێت، تەنیا ڕێگایە بۆ ڕێگاگرتن لە فراوانبوونی دەستەڵات و کاریگەریی ئێران بەسەر عێراقەوە و، بۆیان دەرکەوت کە عەبادی ئەو کەسە نییە کە پێی بکرێت ئەم ڕێگرییە بکات.

ئەمە هەمووی پێکەوە ئاماژەی ئەوەن کە هەموو لایەنەکان لە رێگاچارەیەک دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بەم بارۆدۆخە چەقبەستووە. بۆیە دوور نییە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم بەرانبەر بەم بڕیارەی دادگای فیدڕالی لە شێوەی پێشوازیکردنی لە تەفسیری ئەو دادگایە بۆ ماددەی یەکەمی دەستووری عێراق بێت: هەڵوێستێک ببێتە هۆی کردنەوەی گرێیەکان و (نە شیش بسووتێت نە کەباب). ئەوەی پێویستە لەسەرمان تێگەیشتنمان بۆ هەر بڕیارێکی حکوومەتی هەرێم هەبێت و دوور لە عاتیفە و دروشم، مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
بەهەر حاڵ، سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ڕیفراندۆم ئەنجام درا و خەڵکی کوردستان بە زۆرینەیەکی ڕەها لەگەڵ سەربەخۆیی بوون، چونکە هیچ ئومێدیکیان بە بەغدا نەماوە، چونکە باوەڕیان بە سەرکردایەتیی سیاسیی خۆیان هەیە.

ڕیفراندۆمیش دەستوورییە، چونکە هیچ دەقێک لە دەستووری عێراقدا نییە ڕێگر بێت لەبەردەم ئەنجامدانی لە لایەن هەرێمەکانەوە، چونکە هەر دەستەڵاتێک لە دەستووردا نەهاتبێت، بە دەستەڵاتی هەرێمەکان دادەنرێت، چونکە مافی دەربڕینی ڕا بە هەر شێوەیەک بێت، مافێکی دەستوورییە.

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پیشێلکاریی یەکپارچەییی عێراقیش نییە، چونکە هیچ هەنگاوێک لە دوای ئەنجامدانی بەو ئاراستەیە نەنراوە، بۆیە هەموو بەهانە و هەنگاوەکانی بەغدا بێبنەما و پێچەوانەی دەستوورن، بەم بڕیارەی دادگای فیدرالییشەوە، چونکە هەموویان پشت دەبەستن بەوەی کە ڕیفراندۆم هەڕەشە بوو بۆ سەر یەکێتیی خاکی عێراق.