Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیارترین خاڵی لاوازی دادگای فیدراڵیی عێراق ئاشکرا بوو

هەولێر-KDP.info-  حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر شەڕی ماددە دەستوورییەکانیان دەست پێ کردووە و بە پێی دەستووریش دەبێ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ناوبژیوانیی نێوان ئەو دوو حکوومەتە بکات. ئەو دادگایە ماوەی ١٢ ساڵە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و دیارترین خاڵی لاوازیشی ''ناشارەزاییی دەستووریی ئەندامانێتی''.

ئەمڕۆ (دووشەممە) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دا و ڕایگەیاند ''ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دەستووریی نەبووە و سەرجەم شوێنەوار و دەرەنجامەکانی هەڵدەوەشێتەوە.''

ئەوە سێیەم بڕیارە کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانەوە داویەتی. کاری ئەو دادگایە، یەکلاکردنەوەی کێشەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکانە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وەڵامی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دایەوە و بە ڕوونی گوتی: ''ئێمە قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوە و مەڵوەشاندنەوە ناکەین.''

(نێچیرڤان بارزانی) ڕاگەیاند: ''دەستووری عێراق هەمووی یەک پەکێجە و دەبێ بە یەکەوە جێبەجێ بکرێت، ناکرێ حکوومەتی بەغدا ئەو ماددە دەستوورییەی کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە، هەر ئەو جێبەجێ بکات.''

یاساناسان بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە دەستووری عێراق ''دەستوورێکی لاستیقییە'' و هەر لایەنێک لە بەرژەوەندیی خۆیدا تەفسیری بۆ دەکات. ڕەنگە ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بێت کە ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی داوای کرد، لایەنی سێیەم بکەوێتە نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا بۆ تەفسیرکردنی دەستوور.

جیا لەو تایبەتمەندییەی دەستووری عێراق، شارەزایەکی یاسایی دەست لەسەر خاڵێکی گرنگ دادەنێت، ئەویش ''ناشارەزاییی دەستووریی دادوەرانە.''

(زانا ڕۆستایی)، ئەندامی لیژنەی یاساییی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا، ئاشکرای دەکات کە دادوەرانی دادگای فیدراڵیی عێراق، دادوەری ئاسایی بوونە. ئەو دادگایە لە نۆ دادوەر پێک دێت، کە دوویان دادوەری کوردن.

(ڕۆستایی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''دادوەرانی دادگای فیدراڵی، دادوەری ئاسایی بوونە و تەنیا شارەزاییان لە باری کەسێتی و سزادان هەیە، بەڵام هیچ شارەزاییەکیان لە بواری دەستووریدا نییە.''

ئەو پەرلەمانتارەی ئەندامی لیژنەی یاسایی، وەک نموونەیەکی "باش" باس لە دادگای دەستووریی میسر دەکات، کە دادوەرانیان شارەزایی زۆری دەستوورییان هەیە و بە پێویستی دەزانێ دادوەرانی دادگای فیدراڵیی عێراقیش بەو شێوەیە بن.

دادگای فیدراڵیی عێراق، ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەندامانیان نەگۆڕدراوە و وەک خۆی ماوەتەوە. ماوەیەکی زۆر فراکسیۆن و کوتلەکانی ناو پەرلەمانی عێراق دەیانەویست یاسای دادگای فیدراڵی هەموار بکەنەوە، بەڵام بەو هۆیەی کە ''ڕێککەوتن''ی لەسەر نەبوو، ئەو کارە بێئەنجام مایەوە.

دواجار لەو خوولەی پەرلەمانی عێراقدا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی هاتە ناو پەرلەمانی بەغدا، بەڵام ئەم جار کورد ڕێگریی لەو کارە کرد.

(زانا ڕۆستایی) لەبارەی ڕەتکردنەوەی هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی لە لایەن کوردەوە، دەڵێت: ''هۆکاری ئێمە بۆ تابیەتمەندیی بڕیاردانی ئەو دادگایە دەگەڕایەوە. بە پێی پڕۆژەکە دادگا بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان دەیتوانی کێشەکانی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر یەکلا بکاتەوە، بەڵام ئەوە بێگومان بە زیانی کورد دەبوو، بۆیە ئێمە داوامان کرد دادگا بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەو کێشانە یەکلا بکاتەوە.''

سەرکردایەتیی سیاسیی کورد پێش لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان، جەختیان دەکردەوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووری جێبەجێ نەکراون. ئەوان نایشارنەوە کە هەر ئەو کارەش بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ڕێگەی دیکە بگرێتەبەر. مەبەستی ئەوان لەو ڕێگەیەی دیکە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە.

کاوە جەم