Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیاسەتی نێودەوڵەتی و جەدوەلی زەمەنی

حوسێن کوردنەژاد

هەتا ئێستایش شیکردنەوەیەکی بابەتی لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستان و دەرهاویشتەکانی لەبەر دەستدا نییە، ڕەنگە ماوەیەکی تریشی پێبچێت تاکو دەستمان بگاتە ئاکامی لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر لە ناوەندی جیاوازەوە.

چەند خاڵ لەم ماوەیەدا ڕوون بوونەتەوە کە بریتین لە، ئەمریکا خۆی وەک ناوەندی سیاسەتی جیهانی دەردەرخات و گشت لایەنەکان خۆیان لەگەڵ ڕەوتی بڕیار لە ئەمریکا تەیار دەکەن، ئەم خاڵە وەک خاڵێکی گشتی دیارە و لەبەرچاوە.
سەرەڕای ئەمە لە ئاستی مەیدانیدا هەر وڵات و لایەنێکیش پێگەی هێز و نفوزی خۆی پێش دەخات و نەوستاون، بەڵام هێڵی گشتی نەکەوتنە دژی ئەمریکا لە بەرچاو دەگرن.
ئەمریکا هەر لەبەر ئەم هۆیانە وەک ئێمپراتۆرییەک بوونی هەیە و هەموو لایەنەکانیش هەوڵ دەدەن هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریکادا هاوئاهەنگ بکەن، بەڵام ئەمریکا خۆی سیستەمێکی کۆمارییشە، بۆیە پرۆسەی سیاسەتی نێوخۆی ئەمریکا زۆر گرینگ و بڕیاردەرە. ئاشکرایە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا جارێ خەریکە هەم خۆی ڕێک دەخات و هەمیش پرەنسیپەکانی کارکردنی بۆ دنیا نیشان دەدات. چەند خاڵی گرینگ لە سیاسەتی دەرەوەدا کە خەریکە جێگیر دەکرێن بریتین لە:
١- سیستەمی جیهانی لەسەر بنەمای دەوڵەتان دامەزراوە و هەموو کەس دەبێ ڕێز لەو سیستەمە بگرێ، بۆیە بەر لە هەموو کەس ئەمریکا خۆی لە جووڵەی دیپلۆماسیدا، خەریکە ئەم بۆچوونە لە لایەنەکان تێدەگەیێنێت و نیشان دەدات کە بەر لە هەموو کەس خۆی پابەندی ئەم پرەنسیپەیە. ئەمە بۆ ئەمریکای ترامپ گرینگە، لەبەر ئەوە کە دنیا لە دڵەڕاوکێدا بوو کە داخوا ئیدارەی ترامپ چۆن سیاسەتێک پەیڕەو دەکات؟

٢- هەڵسوکەوتی ئەمریکا لە نێو ئەم سیستمە جیهانییەدا بە هاوکاریی هاوپەیمانانی دەبێت، ماتیس وەزیری بەرگری زۆر جار جەختی لە سەر ئەم پرەنسیپەدا داگرتووە و پێی گرینگە تاکو ئەمریکا بتوانێ سەرکەوتوو بێت و بەرژەوەندییەکانی خۆی پێش بخات. بۆیە متمانەی هاوپەیمانان بۆ ئەمریکا گرینگە، تەنانەت لە پەروەندەی ئەتۆمی ئێرانیشدا، ئەمە یەک لە فاکتۆرە گرینگەکان بوو کە ئەمریکا لەم پەیمانە چەند لایەنییە نەکشێتەوە.
هەروا کە دەبینین جێگیرکردنی ئەم پرەنسیپانە لە هەڵسوکەوتی ئیدارەیەکی تەمەن یەک ساڵەدا، حەتمەن خاوەن جەدوەلی زەمەنیی خۆیە و ئەولەویەتەکان بۆ هەر هەفتەیەک کە دیار کراون جێبەجێ دەکرێن، لە دوای سەفەری ترامپ بۆ ئاسیا و ڕۆژهەڵات و چەند شۆێنی تر ئاجێندا و مۆدێلی کاری ئەمریکا خەریکە لە خۆیان و دنیا ڕوون دەبێتەوە، خاڵێکی گرینگ بۆ ئیدارەی ترامپ پاراستن و بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانە.

شک لەوەدا نییە، کە ئیدارەی ئەمریکا زۆر زیاتر لە ئیدارەی پێشووتر لە دژی ئێران و کردەوە تووندڕۆیی و خراپکارییەکانی دەبێت، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام تێگەیشتن لە جەدوەلی کاریان بۆ هەموو لایەک زۆر گرینگە.
بۆچوونێک هەیە کە دژایەتی یان بێدەنگیی ئەمریکا لە سەردەمی ڕیفراندۆمی کوردستاندا هۆکارەکەی هاوکات و هاوئاهەنگنەبوونی جەدوەلی زەمەنیی نێوان بەرنامەی کاری کوردستان و ئەمریکا بووبێ. بۆیە ئەمریکا نەیگوت دژی ڕیفراندۆمە، بەڵکو گوتی دژی کاتەکەیەتی. لە دوای ڕیفراندۆمیش هەم بەیانی هاوبەشی سەرۆکی کۆنگرێس و سەرۆک لێژنە گرینگەکانی کۆنگرێس وشەی (ساسپێند)یان بە کار هێنا، بە واتای دەقیقی- سڕ-کردن و نەک هەڵوەشاندن و هەمیش بەیانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمان زمان قسەیان کرد، بەڵام ئێستا کە هەواڵی ڕێککەوتنی ئێران و عێراق لە سەر بۆریی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران چەند مانگ بەر لە ڕیفراندۆم کە ئەوکات نەوتی کەرکووک بە دەستی کوردەوە بوو، بڵاو دەبێتەوە، خۆی نیشاندەری هەبوونی پلانی لە پێشدا داڕێژراوە لە دژی کوردستان، سەرۆکایەتیی کوردستان ئەمەیان دەزانی.

دواخستنی شەڕی حەویجە بۆ داوی شەڕی مووسڵ و کۆکردنەوەی هێز لە بەرانبەر کوردستان، فاکتۆرێکی دیاری هەبوونی پیلان بوو لە دژی کورد و، سەرۆکایەتیی کورد ئەوەشی دەزانی، ڕەنگە خەڵکانی تر خاڵی زۆر زیاتریش بتوانن بخەنە ڕوو لەم پەیوەندییەدا، ئەم خاڵانە گرینگن لە دەستنیشانکردنی جەدوەلی زەمەنی هەنگاوەکانی کوردستان و سەرۆکایەتی بۆ پرسی ڕیفراندۆم.
هەر کەس و لایەنێک جەدوەلی زەمەنیی خۆی هەیە. کورد، یەکدەنگ دەبێ تەوافوقی لەسەر ئەوە هەبێ وەک میللەت کە ئێمەش دەبێ جەدوەلی زەمەنیی خۆمان هەبێ. ئیدارەی ترامپ سیاسەتی گشتگیر و ڕوونی خۆی لەسەر ئێران و چالاکییەکانی لە ناوچەدا ڕوون کردەوە و بە دنیای ڕاگەیاند، چەند دواتر ئێران سەرۆکایەتیی هێرشی سەر کوردستانی کرد، لێرەدا ئەوەی قەرزدارە و درەنگ جووڵاوە، ئەمریکایە. حەق بڵێین زۆر کەس و لایەن باسی ئەوە دەکەن کە ئەگەر ناوخۆی کورد پتەو بایە، ڕەنگە ئەمریکایش توانای جووڵەی خێراتری زیاتر بووبا.
ئەوەی ڕووی دا و کوردستان زیانی لێ کرد خەتای ناوخۆی کوردستانی تێدایە، جووڵەی درەنگی ئەمریکای تێدایە، هەمووی ڕاستە، بەڵام هیچ لە دروستی و حەقانیەتی ستراتێژیی نەتەوەیی کوردستان- ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ناگۆڕێت.
ئێستا ئەوەی ئێمە دەتوانین بیکەین برتین لە، چالاکترکردنی دیپلۆماسیی بە ئۆرگانیزەکراوی کوردستان، لێکۆڵینەوە لە کەمایەسییەکانی ئەمنی، کە چۆن بوو کە ئاگاداری ئەم گەلەکۆمەیە نەبووین و ئیدارەی کاریگەریی ئابووری و سیاسەتی وڵات بە ڕێگای بە کارگێڕی تاسک فۆرس لە هەموو بوارەکاندا بۆ چالاکترکردنی بیرۆکراسیی وڵاتە، لێرەدا نابێ لە بیرمان بچێت کە کادری نێوخۆی کوردستان، بڕبڕەی پشتی کارەکانمانە بۆ پیادەکردنی ستراتێژییەکی سەرکەوتوو کە لەسەر بنەمای بە هێزکردنی دینامیکی لۆکاڵ و خۆجێییدا دامەزرابێ.