Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ستەم هەڵدەوەشێتەوە نەك حەق

ئاریان فەرەج

گەلی ئێمە لە پرۆسەیەكی دیموكراتی و ئاشتیانەی سەردەمیانەدا تەعبیری لە رای خۆی كرد. ئەم پرۆسەیە بە هەموو یاسا و رێسایەكی ئاسمانی و زەمینی نە حەرامە و نە كوفرە و نە گوناهە و نە تاوان. بە پێچەوانەوە رێگری و دژایەتیی پرۆسەیەكی لەو جۆرە تاوان و ناحەقی و ستەمە، بۆیە ئەوەی دەبێ هەڵوەشێتەوە و ئیلغا بكرێتەوە، ریفراندۆمی دیموكراتیانەی گەلی كوردستان نییە، بەڵكو ئەو ناحەقی و ستەم و دڵرەقی و زوڵمەیە كە دەرهەق بەو پرۆسە ئاشتیخوازانەیە بەرپا كرا.
مافی چارەنووسی میللەتان تاوان و مەترسی نییە، پێشێلكردنی مافی میللەتان تاوان و مەترسی و سەرچاوەی بەڵا و تەنگژە و ئاشووبە. ئەو هەنگاوەی گەلی كوردستان گرتییەبەر، تەبا و هاوئاواز بوو لەگەڵ هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەها مرۆڤایەتییەكان و پرنسیپەكانی دنیای نوێ و، تەنانەت تەبا و مونسەجیم بوو لەگەڵ ئەو دەستوورە عێراقییەش كە مانەوەی عێراقی ئیتیحادیی ئارەزومەندانە دەبەستێتەوە بە جێبەجێكردنی دەستوورەوە. بۆیە هەڵوەشانەوەی ئەو هەنگاوە نەك هەر كاری نەكردە و نامومكین و سەرووی دەستەڵاتی هەموو لایەكە، لە هەمان كاتیشدا پێچەوانەی هەموو ئەو بەها و پرنسیپە جیهانییانەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەنگەرێكدا دژی تیرۆر و ناعەدالەتی و شەڕانگێزی كۆ كردۆتەوە.
ریفراندۆمی كوردستان هەڵە نەبوو تا راست بكرێتەوە، لەشكركێشی و كوشتوبڕ و ئاگر و ئاسن و ئابڵوقە و هەڕەشەی لەبرسا كوشتن و عەزلكردنی میللەتێك لەسەر ئەوەی ئازادانە رایەكی دەربڕیوە، ئەمەیان هەڵە و غەدر و زوڵم و ستەمێكی چاوەڕواننەكراو بوو كە پێویستە راست بكرێتەوە و هەڵوەشێتەوە.
كوردستان لە ئێستادا بە شاهیدیی هەموو جیهان پابەندی دانوستان و خوازیاری جێبەجێكردنیەتی، دەستوورە وەك بنەمای چارەی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا، بەرلە ریفراندۆمیش دیسان بە هەموو جیهانی راگەیاند كە پێشێلكردنی دەستوور هۆكاری بە بنبەستگەیشتنی حیوار و پەیوەندییەتی لەگەڵ بەغدا. ئێستایش ئەوە كوردستانە ساز و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و ئەوە بەغدایە هێشتا دەستی دەستی دەكات و ناتوانێ و نایەوێ بچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی دەستوور و سەلماندنی ماف و ئیستحقاقە دەستوورییەكانی كوردستان. ئەوەتا هەموو جیهان پشتگیریی لە هەڵوێستی دانوستانخوازیی كوردستان دەكات و هیوادارە هەرچیی زووترە گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەردوولا دەستپێبكات، بەڵام ئەوە بەغدایە هێشتا دوودڵ و پڕ بیانووی ناڕەوا و پڕ بەڵێنی بێ ئاكامە.

ئەگەر بەغدا نەیەتە سەربار و مل نەدات بۆ گفتوگۆی راستەقینە و مەسئولانە، دواجار هەموو جیهان نەك هەر لە هەڵوێستی ئێستای كورد، بەڵكو لەو هۆكارانەش تێدەگات كە بۆچی كورد هیوابڕاو بوو لە عێراق و بۆچییش لە ئان و ساتێكدا ریفراندۆمی كرد كە هەموان بە نەگونجاویان دەزانی و كورد بە تەنیا بە گونجاوی دەزانی.