دوبز-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، لە قەزای دوبز ھێزە عێراقییەکان دوو ھاووڵاتیی کوردیان ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
ئەو سەرچاوەیە کە پێی باش نەبوو ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ لە قەزای دوبز ھێزە ھەواڵگرییەکانی عێراق دوو ھاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی (عادل ئیسماعیل) و (ستار بەکر)یان ڕفاند و بەرە و شوێنێکی نادیار بردیانن.''
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو دوو ھاووڵاتییە کوردن و کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و نازانرێت ھۆکاری چییە ڕفێندراون و تا ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە.''
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بە بیانووی گەڕان و پشکنین دەچنە ماڵە کوردەکان و ھاووڵاتیی کورد دەڕفێنن.
بڵند ئیبراھیم