Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕیفراندۆم هەڵنەوەشاوەتەوە و هەڵیشناوەشێتەوە


پیران ئەمیر
دادگای فیدراڵی داوای ڕوونكردنەوەی كردووە لە ماددەی یەكەمی دەستوور و، حكوومەتی هەرێمیش لە ڕێگەی ماددەی یەكەمەوە رێزی لە بڕیارەكەی دادگا گرتووە. دیارە ماددەی یەكەم لە هەموو یاسا و رێسا و دەستوورێكدا، تەعبیرە لە كۆی سیستم و یاسا و دەستوورەكە.
دەستووری عێراق لە ماددەی یەكەمدا ئاماژە بە (فیدراڵی)ـبوونی عێراق دەكات، واتە پابەندیی دەسەپێنێت بەسەر حكوومەتی عێراقدا كە دەسەڵاتی تەواوی فیدراڵی بداتە هەرێم و هەموو مافە مەدەنی و سیاسی و ئیدارییە فیدراڵییەكانی پێ بدات، هەروەها عێراق بە وڵاتێكی (خاوەن سەروەری) دادەنێت، واتا عێراق پابەند دەكات كە دەبێ سەروەریی پارێزراو بێت و دوور بێت لە دەستتێوەردانی دەرەكی، لە لایەكی ترەوە جەخت لەسەر دیموكراسی و سیستمی پەرلەمانی كراوەتەوە، واتا رێز لە ماف و دەنگی هاووڵاتیان بگیرێت و پەرلەمانیش نەبێتە جێگای پیلانداڕشتن دژ بە نەتەوە و ئایینەكان، لە دواخاڵدا پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەبەستێتەوە بە جێبەجێكردنی دەستوور.
ڕیفراندۆم شەرعییە و هەڵنەوەشاوەتەوە و هەڵناوەشێتەوە، چونكە حكوومەتی عێراق و دەستەڵاتدارەكانی لە ماوەی زیاتر لە دەستەڵاتی ڕابردوو بە هیچ شێوەیەك پابەند نەبوون بە پێدانی دەستەڵاتی فیدراڵی بە حكوومەتی هەرێم و، ئەو دەستەڵاتانەی كە حكوومەتی هەرێمیش بە كاری هێناون، تەحەددی بوون لەسەر حكوومەتی عێراق، هەروەها عێراق بووەتە داردەستی وڵاتانی ناوچە و شتێك نەماوە بە ناوی سەروەریی عێراقەوە، چونكە لە ئێستادا ئێران دەستڕۆییشتووی ژمارە یەكە لە عێراقدا و زیاتر لە 22 دەوڵەتی تری جیهانیش لەژێر ناوی جیا جیا سەربازیان لە عێراقدا هەیە و ئاسمانی عێراقیش بووەتە جێگای تەراتێنی فڕۆكەی جەنگیی وڵاتانی دراوسێ، لە لایەكی ترەوە كۆماری عێراق بە هیچ شێوەیەك (دیموكراسی) نییە، ئەگەر بڕیار بێت وڵات دیموكراسی بێت، دەبێت رێزی تەواو لە دەنگی (بەڵێ)ـی خەڵكی كوردستان بگیرێت و وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی قبووڵ بكرێت بە تایبەت كە ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان نەكەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و، جێبەجێكردنیشی بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی عێراق بە (ماددەی یەكەم)ـی دەستوور كە (خۆیان شانازی پێوە دەكەن)، هەروەها پەرلەمانی عێراق هیچ رێزێك بۆ پێكهاتە نەتەوەییەكان و بنەمای تەوافوقی سیاسی و ئیداری دانانێت و هەر جارەی لە ژێر بیانوویەكدا، پێكهاتەیەكی عێراق لە بڕیاردان دەسڕێتەوە و بووەتە جێگای دەركردنی یاسای سوپای سەربازی مەزهەبی بۆ قڕكردنی دەنگی جیاواز.
بۆیە حكوومەتی هەرێم وەك وەڵامێك بۆ دادگا، رێزگرتنی بۆ ئەو ماددەیەی دەستوور ڕاگەیاند لە روانگەی خوێندنەوەی ئەوەی (ئەم دەستوورە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەپارێزێت)، واتە جێبەجێنەكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵ بدرێت لە داهاتوودا ببینە دوو دراوسێی باش!