Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری کونسووڵی ئەمەریکا: گەل و حکوومەتی ئەمەریکا کوردستان بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت

هەولێر-KDP.info- (ستیڤن گیلان)، جێگری کونسووڵی گشتی و کونسووڵی کاربەڕێکەری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، گەل و حکوومەتی ئەمریکا، گەلی کوردستان بە هاوپەیمانی خوی دەزانێت و کاریگەرییەکانیشی بەکار دێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەرەوپێشەوەچوونیان.

بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، (هۆشیار سیوەیلی) پیشوازیی کرد لە (ستیڤن گیلان)، جێگری کونسووڵی گشتی و کونسووڵی کاربەڕێکەری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و شاندی یاوەری‌‌.

(سیوەیلی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد، باسی لە دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.

بەرپرسی  پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی گەل و کۆنگرێسی ئەمریکای کرد بۆ پاڵپشتی و پێشکەشکردنی هاوکاریی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان (سیوەیلی) بۆ شاندی میوانی ڕوون کردەوە، ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەپاندنی حوکمی زۆرینە هاتووەتە ئاراوە، گەل و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەموو کات نیگەرانییەکانی خۆێانیان نە شاردووەتەوە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی حکوومەتی عێراق، کە بە ئاراستەیەکی تائیفی و مەزهەبیدا دەڕوات و هەر ئەو سیاسەتەش بووە هۆکاری بەهێزکردنی گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش، کە نەهامەتی و ویرانکاریی زروریان بۆ عێراق بەگشتی و ناوچە سوننەنشینەکان بەتایبەتی هێنا.

(سیوەیلی) گوتی، لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکوومەتی عێراق، گەلی کوردستان بە ئازادانە و بە شێوەیەکی دیموکراسییانە پەنای بۆ ڕیفراندۆم برد، تا دەنگی خۆی بە جیهان بگەیەنێت، بەداخەوە حکوومەتی عێراق وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بە هێز وەڵامی داخوازییەکانی گەلی کوردستانی دایەوە و نیگەرانیی لەوەش پتر بۆ گەلی ئێمە بێدەنگیی جیهان بوو لەمەڕ هێرشە ناڕەواکانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی سوپای دەرەکی و حکوومەتی فیدراڵ، کەحکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە لە پێشێلکردنی دەستوور و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و جەنابی سەرۆک (مەسعوود بارزانی) هەمیشە دووپاتیان کردوەتەوە، کە پێشێلکردنی دەستوور و سەپاندنی حوکمی زۆرینە و ڕێزنەگرتن لە مافە ڕواکانی گەلی کوردستان  وای کرد، گەلی کوردستان چاو بە پەیوەندییەکانیدا بخشێنێتەوە لەسەر بنەمای دەستووور، کە ئاماژە بە یەکگرتوویی ئارەزومەندانەی عێراق داوە. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بێتە سەر مێزی  گفتوگۆ بو چارەکردنی کێشەکان و داوا دەکەین، گۆمڵگای نێودەوڵەتیش ڕۆڵی پۆزەتیڤانەی هەمیشەی خۆی بگێڕێت و گاریگەرییەکانی بەکار بێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان کە لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.

دەربارەی جیاوازییە نێوخۆییەکان، (سیوەیلی) بە شاندی میوانی ڕاگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ لێک نزیکبوونەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی دەبێت.

(ستیڤن گیلان) سوپاسی ئەو پێشوازییەی کرد و ڕایگەیاند، گەل و حکوومەتی ئەمریکا، گەلی کوردستان بە هاوپەیمانی خوی دەزانێت و کاریگەرییەکانیشی بەکار دێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەرەوپێشەوەچوونیان. دووپاتیشی کردەوە، حکوومەتەکەی لەگەڵ ئەوەدایە حکوومەتی هەرێم بە بەهێزی بمێنێتەوە و مانەوەیشی بە بەهێزی لە بەرژەوەندیی ئاسایشی ناوچەکەیە، هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کردستاندا.

لە دیدارەکەدا هەردوولا ڕایانگەیاند، بە گرنگییەوە لە پێوەندییەکانی نێوانیان دەڕوانن و جەخت دەکەنەوە لە بەردەوامبوون و بەهێزکردنی پێوەندییەکان و پێکەوە کارکردن بۆ بە دەستهێنانی داهاتوویەکی باشتر.