Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە نەناردووە

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتی بەغدا بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کوردستان کەمتەرخەمە و هێشتا نایەوێت وەک هاووڵاتیی عێراقیش مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

بە هۆی زنجیرەیەک بومەلەرزە لە کوردستان، کە شەوی 12/11/2017، ڕووی دا، هەشت هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەست داوە، كە پێنجیان لە قەزای دەربەندیخان و دووانیان لە سنووری گەرمیان و یەكێكیشیان لە سلێمانی بووە.

بە هۆی بومەلەرزەكەوە 120 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بە هۆی ترسەوە و 201 هاووڵاتیش بە هۆی برینداربوونەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، كە سەرجەمیان برینەكانیان سووك بووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

(زیاد کاکە ڕەزا)، سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''دەبوو دوای بومەلەرزەکەی دەربەندیخان و هەڵەبجە حکوومەتی عێراق بهاتایەتە سەرخەت و، سەرۆکی حکوومەتی عێراق، خۆی سەردانی لێقەوماوانی بکردبایە، بەڵام بەداخەوە بەغدا وەک دوژمن سەیری کوردستان دەکات و دەرکەوت دەوڵەتی عێراق بە فیعلی دوو پارچەیە و کوردستان و خەڵکی کوردستانیش بە هاووڵاتیی عێراق حیساب ناکات.''

(زیاد کاکە ڕەزا) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''یەکەم وڵات تورکیا بوو هەندێک هاوکاریی ناردووە، بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ لێقەوماوان نەناردووە و ناشیەوێت خۆی لەو ڕووداوە بگەیەنێت، چونکە ئەو بێباکە و لە خەمی خەڵکی کوردستاندا نییە.''

هاوکات لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەت شارەکانی سەرپێڵ‌زەهاو، قەسری‌ شیرین، سەلاسی باوەجانی، ئەزگلە، جوانڕۆ، شائاباد و کرێند و گوندەکانی دەوربەریان، بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیران هەتا ئێستا 430 کەس گیانیان لەدەست داوە و حەوت هەزار و 817 کەسیش بریندار بوون.

کارزان سەباح هەورامی