Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: بوودجە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە تەرخان دەکەین

دەربەندیخان-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) لە درەبەندیخان ڕایگەیاند، بوودجە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەبەرزە تەرخان دەکەین و سەرەخۆشیشی لە قوربانیان کرد.

(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و (قوباد تاڵەبانی)، جێگری سەرۆکوەزیران، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و وەزیری شارەوانی و وەزیری پەروەردە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوەئاگاداربوون بۆ ڕەوشی لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە سەردانی دەربەندیخانیان کرد، پاشان لەگەڵ قائیمقام و یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە کۆ بوونەوە.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند: ''دوای بینین و هەڵسەنگاندنی ورد بۆ دۆخەکە، گەیشتینە ئەو باوەڕەی بە دوو شێوە کار بکەین، یەکەم: بڕێک بوودجە دەدەینە یەکە ئیدارییەکان بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی دێنە پێش بەپەلە چارەیان بکەن، دووەم: یەکە ئیدارییەکانمان ڕاسپاردوون بۆ ئەوەی زیانەکان بخەمڵێنن، بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە دەیکەین.''

سەرۆکی حکوومەت پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمیشی ئاراستەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی: ''بنکەی بوومەلەرزەکە لەودیوی سنوور بووە، لە ناوچەی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو، بەداخەوە لەوێ زۆر خەڵک شەهید بووە، بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە ماڵباتی هەموو قوربانییەکان دەکەم، هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان لە ئێران، کرماشان و هەموو ناوچەکان دەخوازم، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشی خەمیانین، هیوادارین دواکارەسات بێت لەو دیوی سنوور ڕوو بدات.''

لەبارەی بەنداوی دەربەندیخانیشەوە، کە زەرەر و زیانی پێ کەوتووە، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''بۆ بەنداوی دەربەندیخان زۆر بەخەم بووین، بە تێروتەسەلی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوەکە قسەمان کرد، زەرە و زیانی پێ کەوتووە، بەڵام بەڕێوەبەری بەنداوەکە دڵنیای کردینەوە، کە مەترسیی داڕمانی نییە، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان و هەموو لایەنەکان خەریکین، دوێنێ لەگەڵ کاک (قوباد) لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دانیشتین و بەڵێنی ئەوەیان دا، خەڵکی شارەزا بۆ هەڵسەنگاندن بنێرن و یارمەتیمان بدەن.''