Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەیدۆ چەتۆ :حەشدی شەعبی پێچەوانەی دەستوور و یاسا كار دەكات


شنگال-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دیاری كرد، دۆخی شنگال زۆر خراپە و حەشدی ‌شەعبی ڕێگری لە خەڵك دەكات و لێ ناگەڕێت كەس هاتوچۆ بكات، مەترسی هەیە جینۆسایدێكی دیكە لە شنگال ڕوو بدات.

(سەیدۆ چەتۆ)، سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیاری كرد: ''حەشدی شەعبی  بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و كاركردن بە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان بەرپرسە ئیدارەییەكانی ناوچەكەی داناوە، ئەوەش پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، چونكە ئەگەر گۆڕینی قایمقام بێت، یان بەڕێوەبەری ناحیە، پێویستە ئەنجومەنی ئەو ناوچەیە بڕیار بدات، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەكردووە، ئەمەش ترس و نیگەرانیی لە لای هاووڵاتیانی سنوورەكە دروست كردووە و بەو هۆیەوە هەزاران كەس لە شنگال ئاوارەی سنووری پارێزگای دهۆك بوونەتەوە.''

(سەیدۆ چەتۆ) ڕوونیشی كردەوە: ''ئێمە، وەكو فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان، داوا دەكەین قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان دووبارە دەوامی خۆیان بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە حەشدی شەعبی ڕێگری لە ئەوان دەكات و لێ ناگەڕێن بچنەوە شنگال و دەوامی خۆیان بكەن، داخستنی ڕێگای شنگال بۆ پارێزگای دهۆك كێشەی گەورەی بۆ خەڵكی شنگال دروست كردووە، خەڵكی شنگال زۆر دەترسن، بۆیە مەترسی هەیە جینۆسایدێكی دیكە لە شنگال ئەنجام بدرێت و دیسان قەزاكە تووشی جینۆسایدێكی دیكە بكەنەوە، بۆیە داواكارن ئەو چەكدارانە لە شنگال نەمێنن.''


ڕابین شێروانی