Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شکستی کەرکووک سەرەتای هەستانەوەیەکی تر

جەمال ڕەسووڵ دنخه

مێژوو هەردەم بە شێوە و جۆرێک لە جۆرەکان دووپات دەبێتەوە. ڕووداوی ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی درووست وەبیرهێنانەوە و دووپاتبوونەوەی مێژوو لە جیهاندا و بە تایبەتی‌تر بۆ نەتەوەی کورد بوو.

ڕووداوە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد وەک "شۆڕشی شیخ سەعیدی پیران (٨ی شوباتی ١٩٢٥)، میری ڕواندز (١٨٢٦)، شێخ ڕەزای دەرسیم (١٩٣٧)، سمایل ئاغای سمکۆ (١٩١٨)، شۆڕشی ئاگری (١٩٢٧)، شێخ عوبەیدوڵلا نەهری (١٨٨٠)، بەدرخان (١٨٢١)، یەزدانشیر (١٨٥٣)، شێخ مەحموود (١٩١٨)، شێخ ئەحمەدی بارزان (١٩٤٣)، شێخ عەبدولسەلام بارزانی (١٩٠٨) و قازی محەممەد (١٩٢٤) بزووتنە ئازادیخوازەکانی کورد هەموو لە یەک چەمکدا جێگایان دەبێتەوە، " نسکۆ و سەرهەڵدانەوە".

ڕووداوی کەرکووک لە چوارچێوەی شرۆڤەکردنی پرسێکی مێژوویی ئاسانە و هەموو تاکەکانی کورد خۆیان و ڕێبەرانی کورد سەرزەنش دەکەن کە نەدەبا کورد ئەو هەڵە مێژووییەی کە چەندین جار ئەزموونی کردووە سەر لە نوێ دووپاتی کاتەوە، بەڵام دەبێ بڵێین هەموو شۆڕشەکانی کورد و شکستەکانیان و ئێستا کەرکووک لە باری ڕەوانییەوە کەریگەری لە سەر هەست و بیری نەتەوەیی داناوە. سەردەمی خۆشی شۆڕشەکانی دیکەی کورد بەم چەشنە و زیاتریش کاریگەرییان داناوە بەڵام بە هۆی ئەوەیکە "وشیاریی نەتەوەیی" زۆر لاواز بووە و کەرەستەی ڕاگەیاندن نەبووە تا ئەم ڕووداوانە تۆمار بکرێن و بگوازرێنەوه، بە بێدەنگی خۆیان نوقمی هەستی پڕ له دەردی خۆیان بوونە. ڕووداوی کەرکووک لە سەردەمی ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی سەردەمی ئێمە هەموو کوردێکی هان دا کە کەرکووک خاکی کوردستانە و دەبێ "تۆڵە" بستێننەوە و نیسبەت بەو ڕووداوە خۆیان بە هاودەرد زانی واتە لە هەستی هاوبەشدا بە مانای کردەیی بەشدار بوون.

ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بە دنیای دەرەوەی گوت کە کورد "ئیرادەی" خۆی هەیە و چارەنووسی خۆی دەنووسێت، ئەمە بە لای هیچ وڵاتێکی دراوسێ و ڕۆژئاواوە جێگای باوەڕ نەبوو، چونکە نەتەوەی کورد ئەو نەتەوەیەی سەردەمی سەدەی ١٩ و ٢٠ نەبوو کە ئەوان بیریان لێ دەکردەوە. بۆیە ئەگەر بڵێین ڕۆژئاوایش لە موحاسباتی خۆیان نیسبەت بە کورد تووشی هەڵە بوونە دوور لە ڕاستی نییه؛ بۆیە ڕێفراندۆم توانی سیاسەت و ڕوانگەی ڕۆژئاوا و جیهان نیسبەت بە کورد بگۆڕێت.

شکستی هێزەکانی پێشمەرگە ئەویش بەو شێوە نەخوازراوە ناتوانێت "ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی، کورد ماوەبەسەرچوو بکات". بەڵکوو حەقیقەت ئەوەیە کە ئەگەرچی ئەنجامی ڕێفراندۆم نەبوو بە کردەیی بەڵام پڕۆژەی سەربەخۆیی ڕانەوەستاوە و وەدیهاتنی ئەو ئامانجە تەنیا "کات" دەخوازێت.

پڕۆژەی کوردەکان ناتوانرێت بە حکوومەتێكی "فرقەگرا" کە بنچینەکەی میلیشاکانی "حەشدی شەعبی" سەر بە سپای پاسداران پێکی هێناوه، ڕابگیرێت. ئەو شتەی کە دەتوانێت سەربەخۆیی‌خوازیی کوردەکان ڕابگرێت جێبەجێ کردنی نیزامێکی سێکۆلار، دێموکراتیک، فیدراڵ، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەدەنی دایە کە هەمووهاووڵاتیانی ئەو جوغرافیایە (عێراق) بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و مەزهەب و نەتەوە لە خۆیدا جێ بکاتەوە کە ئەوەش شتێکی زۆر ئەستەم دێتە بەرچاو.

ئەوەیکه زیاتر لە هەموو شتێک لە ئێستادا کوردەکان بۆ سەربەخۆیی هان دەدات، ماهیەت و چوارچێوەی فکری و پێکهاتەی ئێستای دەوڵەتی بەغدایە کە نە لە ئێستادا و نە لە داهاتوودا ناتوانێت شتێک بە کوردەکان بدات کە ئەوان داوای سەربەخۆیی نەکەن.

دوای وەرگەڕانی حکوومەتی سەدام حوسێن، حکوومەتێک لە بەغدا هاتە سەر کار کە سەرەڕای مەزهەبی بوونی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، کە ئەوەش کێشەیەکی قووڵ بوو و لەراستیدا سەرچاوەی هەموو کێشەکان بوو.

دوای ئەو چەند ساڵ حکومەتدارییە لە بەغدا هیچ ڕێگایەک جیا لە سەربەخۆیی نەمابوو، چونکە عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ببووە ناوەندێكی "فرقەای" شیعە کە سەر بە ڕێژیمی ئێران بوو. دەسەڵاتی شیعه بە سەرپەرەشتیی ڕێژیمی ئێران لە سەردەمی ئۆبامادا زیاتر خۆی سەپاند و سەقامیگر بوو(قسە و لێداونەکانی ئیستا و ڕابردووی سیاسەتەمەدارانی جیهان و بەتایبەت بەرپرسانی ئامریکا سەلمێنەری ئەو بابەتەیە).

بۆیە تا کاتیک کە عێراق لە باتڵاقی حکوومەتێکی مەزهەبیی وەک ڕێژیمی ئێراندا بمێنێتەوە پڕۆژەی کوردەکان هیچ کۆتاییەکی پێ نایەت؛ بەڵکوو لە ماوەی داهاتوودا شایەتی گۆڕەپانی سیاسی و نیزامیی دیکە لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا دەبین کە ئێستاش هۆشداری دەدەن خۆ لە شەڕ بپارێزن.

هەروەها دەبێ بڵێین کە بۆ سیاسەتمەدارەکانی کوردستانی باشوور قەبووڵ ناکرێت کە دەستەوەستان دانیشن و چاو لە کەرکووک بکەن چونکە کەرکووک جیا لەوەیکە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابوورییە، بە شایەتی مێژوو کەرکووک سەرەڕای هەموو پێکهاتەکانی شارێکی کوردستانیە.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕیژیمی ئێران درێژە بە دەستێوەردانەکانی خۆی دەدات و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایه دووبەرەکی و ئاژاوە بنێتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە پەروەندەی کوردەکان بە لە دەستدانی کەرکووک و تەنانەت کۆنتڕۆڵی شارەکانی کوردستان نابەسترێت.

پڕۆژه‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، پێشتر پیلان و پلانی بۆ دا‌نرابوو. بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی باسیان لەوە کردبوو کە ئەگەری ڕووداوێکی لەم چەشنە بوونی هەیە، بۆیە دەیانگووت کە زمانی هەڕەشە هیچ پرسێک چارەسەر ناکات و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە. هەروەها پێشتریش به‌ ڕوونی و ئاشكرایی به‌ سه‌ركردایه‌تی كورد گوترابوو كه‌ ده‌بێت له‌و ناوچانه‌ بكشێنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هێڵی سه‌وزیان ده‌ستنیشان كردبوو كه‌ سنووری پێش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی سه‌دامه‌. ته‌نانه‌ت له‌ دواڕۆژی فشاره‌كان بۆ دواخستنی ڕێفراندۆم، ته‌كلیفی دواخستن بۆ ماوه‌ی حه‌فته‌ و مانگیش هه‌بوو كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ دروستی مەبەست لێوەرگرتنه‌وه‌ی كه‌ركوک پێش واده‌ی ڕێفراندۆم و ڕێگرتن بوو له‌ ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم لەو شارەدا! دوای رێفراندۆمیش هەرچی بانگی دیالۆگ بوو رەدیان کردەوە و پیلانی هێرش و داگیرکردنی کەرکووکیان بە رێبەریی سپای پاسداران جێبەجێ کرد.

مامه‌ڵه‌ی عه‌قلانی له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعیەتە‌دا بۆ كورد گرینگه‌ و دەبێ هێڵی سیاسی خۆی وه‌ک ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و دێموكرات و خاوەن دۆزێكی ڕه‌وای مێژوویی كه‌ چه‌ندین پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی، ئیدە و ئایین له‌خۆ ده‌گرێت بپارێزێت، چونكه‌ كورد له‌ ڕووی ستراتیژیی نه‌وتی و ژێئۆسیاسیه‌وه‌ تا ئێستا ژماره‌یه‌كی قورسه و لە نێوخۆدا خۆی بەهێز بکا و کەموکووڕییەکانی رابردووی راست بکاتەوە.

هەروەها لە هەلومەرجێکدا کە نەتەوەی کورد لە شۆکدایە و له ڕووخانی شکۆی نەتەوایەتی دوای ڕێفراندۆمدا دەژی، بەرپرسایەتی ئێمە ئەوەیە بە جیاتی بوون بە دادوەر ببین بە نۆژدار و پەرەستار. ئەرکی ئەخلاقی ئێمە لە هەلومەرجێکدا کە بوون و نەبوونی نەتەوایەتیمان لە مەترسیدایە، بوون، یەکبوون و گرێبەستێکی خێرای کۆمەڵایەتی و ڕوحیە بۆ ئەوەی پێکەوە ئەو قەیرانە تێپەر کەین گرینگ و کاریگەرە و دوای تێپەربوون لە قەیرانەکە بێگومان کاتی حیساب وەرگرتن لە قەیران خوڵقێنەکانیش دێت.

بە ڕووداوێکی وەک کەرکووک ئەگەر دووپات بێتەوە جێگای قەبووڵکردن نییە، بەڵام نابێ ئەوەش لەبیر بکەین پێش ڕوودانی ئەو ڕووداوە کورد قۆناغی زۆر هەستیاری لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا دەبڕی، بۆیە ئەو ڕووداوە نابێتە بنەما بۆ دۆڕانی کورد بەڵکوو دەبێ بزانین کە سیاسەت کاتییە و هەمیشە بردنەوە نییه و دۆڕانیشی هەیه. ڕێبەرایەتی کورد دەبێ ئەوە بزانێت کە یەکدەستی هێزی نیزامی خۆی بەرگێکی بەرندەیە لە کایەی سیاسەتدا.


ڕێبەرانی سیاسیی كوردستان زۆر چاک لەو ڕاستیانە دەزانن و تەجرووبەیان لەگەڵ هەموو جۆرە حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر کورددا کردووە، كە پڕه لە هەلپەرەستی و پەیمانشكێنی و درۆ و دەلەسە لە لایەن دوژمنان و خائینەکان؛ هەر ئەوەش دەبێ دیسان ببێت بە خاڵێک کە "کەمتەرخەمی" هەڕەشەیەکە بۆ سەر دەرفەت و دەسکەوتەکانی کورد.

کورد جارێکی دیکە ڕیزەکانی خۆی ڕێک دەخاتەوە و بۆ جارێکی دیکەش خۆی بە جیهان و ناوچە دەناسێنێتەوە. کورد ئەگەرچی لە مێژوودا زەبری قورسی وێکەوتووە بەڵام نە تەنیا کۆڵی نەداوە بەڵکوو قایمتر، پتەوتر، بە ئیرادەتر و توندتر لە پێشوو دەستی بە خەبات کردووەتەوە. دەبێ ئەوەش بڵێین و دان بەوەدا بێنین کە تەنیا شتێک نەتەوەی کورد ئارام دەکاتەوە ئەوەیە کە داخوازی و ویستی ئەوان جێبەجێ بکرێت لە غەیری ئەوەدا تا ڕەوڕەوەی مێژوو بەڕێوە بێت کورد دەست لە ویستی خۆی هەڵناگرێت و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ئاسایش و ئارامیی تێدا نابێ.