Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێگەی کورد لە ناوچەکەدا بە بەهێزی دەمێنێتەوە

دهۆک-KDP.info-  (عەبدولباست حەمۆ) شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوین و شرۆڤەکاری سیاسیی پرسە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر ئاڵۆزیی تێدایە، بەتایبەتی عێراق و سووریا، ئێرانیش دەیەوێ ناوچەکە بخاتە ژێر دەستی خۆی، هەر شەڕێکیش لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی کورد دەبێت.

ئێران چاوی لە ناوچەکەدا سوورکردووەتەوە
(عەبدولباست حەمۆ) كه‌ هاوكات جێگری سەرۆکی ئیتلافی نیشتمانیی سووریا ''ئۆپۆزسیۆن''ـە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریایشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ ئێران چاوی لە ناوچەکە سوور کردووەتەوە و گوێ بە دنیا نادات، بەرژەوەندیی زۆر لە ناوچە لە بنپێ کراون و هێرش بۆ سەر ناوچە دەکات، بەتایبەت ئەو هێرشەی ئەم دواییەی بۆ سەر کەرکووک لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ و ڕۆژئاوایش بێدەنگ بووە لەسەر ئەم پرسە.

(عەبدولباست حەمۆ) گوتی: ''لە دوای شکستی داعش و نەمانی مەترسییان، ئێستا مەترسیی ئێران بۆ ناوچەکە هەیە و بەتایبەت لەسەر عێراق و سووریا و ئێستا واقع قسە دەکات، کە چۆن ئێران بە دڵی خۆی مامەڵە لەگەڵ ناوچەکە دەکات.''
زۆربەی میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بەتایبەت لە نێوان هیزەکانی سەر بە ئێران و سعوودیادا.
سەبارەت بەمەش، (حەمۆ) گوتی: ''ئەگەر ئەم شەڕە پێشبینیکراوە ڕوو بدات، پێگەی هیزەکانی سەر بە ئێران لاواز دەبێت و لەم هێرشانەی دواییشدا، کە بێدەنگبوونی سوننەکانی عەرەبی لەبارەوە هەبوو، بەڵام ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئێمە کران، ئێستا بوونەتە مەترسی لەسەر ئەوانیش، و ئەم شەڕەش لە بەرژەوەندیی کورددا دەبێت.''

(حەمۆ)  ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئیستا جەنگەکە بووەتە جەنگی مەزهەبی لە نێوان دنیای سوننی و شیعی و لە کەنداو دەست پێ دەکات و بە گفتوگۆ چارە ناکرێت و، ئەم شەڕە لە قسەکانی بەرگریی ئێران دیار بوو، کە لەم دواییانەدا کردی، ئەوان دەیانەوێت دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن و خۆیان بە پاڵەوانی ناوچەکە دەبینن.''

تورکیا پەشیمان بووەتەوە لەو ڕێککەوتنەی نێوان (ئۆردوگان) و (ڕوحانی)

جێگری سەرۆکی ئیتلافی نیشتمانیی سووری گوتیشی: ''ئێستا تورکیایش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێز بوو بۆ ئەوان، بەڵام ئێستا بە خۆیان دەزانن، کە ئێران مەترسییە بۆ سەر ئەوانیش، چونکە ئیستا ئێران باڵادەستە لە ناوچەکەدا و لە شام و بەغدا و، بەحرێن و لوبنان و نێوەی یەمەنیش لە دەستیدایە.''

(حەمۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''لەبەر ئەوەی تورکیا دەزانێت هەموو ئەم ناوچانە دەبنە هەڕەشە بۆ ئانکارا، لەبەر ئەوەش لاوازییەک هەیە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر کوردستان، تورکیایش دەزانێت و لەو ڕێککەوتنەی (ئۆردوگان) و (ڕوحانی) پەشیمان بووەتەوە، چونکە ئێران بە ئەگەری دژی ڕیفراندۆم هێنایە تاران و ڕێککەوتنیان کرد.''

ئەمەریکا دێتە سەرخەت
ئایا ئەمەریکا پشتیوانیی دنیای سوننی، یان ئێران دەبێت؟ ئێستا سعوودیا دەیەوێت ئەم شەڕە و هەڕەشەی ئێران نەمێنیت و دەیەوێت ڕووسیا و ئەمەریکایش هاوکار بن، لە بەرانبەر ئەمەشەدا ئەمەریکا و ڕووسیا دەچنە بەرەی سعوودیا، چونکە ئەگەر ناوچەکە بە تەواوی کەوتە ژێر دەستەڵاتی ئێران، ئەوا دەبێتە مەترسی لەسەر ناوچەکە، هەرچەندە ئەمەریکا و ڕووسیا لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆیانن. (عەبدولباست) وای گوت.

(حەمۆ) دەشڵێت: ''چونکە ئێران پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی هەیە، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیلیش''.

کـــاروان بـــاعــــەدری