Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: جارێکی دیکە حکوومەتی عێراق لە سنووری کەرکووک ھێزی کۆ کردووەتەوە


ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، جموجووڵی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان جارێکی دیکە دەستی پێ کردووەتەوە و لە سنووری کەرکووک لە میحوەری پردێ ھێزێیان کۆ کردووەتەوە.

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت)، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو دەنگۆیانەی بڵاو کراونەتەوە لەبارەی جموجووڵی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان ڕاستە و حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بەردەوام جموجووڵیان ھەیە لە ناوچە جیاجیاکان و لە میحوەری پردێش لە سنووری کەرکووک لە شەوی ڕابردووەوە ھێزێکی زۆریان کۆ کردووەتەوە.''

لەبارەی ئامادەکارییەکانی ھێزی پێشمەرگە بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو، (ھەڵگورد حیکمەت) گوتی: ''ھێزی پێشمەرگە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە و لەئامادەباشیی تەواودایە بۆ ھەر ھێرشێکی بکرێتە سەریان و ڕووبەڕوویان دەبنەوە.''

ماوەیەک بەر لە ئێستا چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجام دران و نەگەیشتنە ھیچ ڕێککەوتنێک و باسێک ھەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان؟ لەوبارەیەوە (حیکمەت) گوتی: ''دانوستانەکان نەوەستاون و بەردەوام دەبن و ھەرێمی کوردستانیش چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە، بۆ ئەوەی خاڵە سنوورییەکان بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن و شەڕیش ڕابگیرێت، بەغداش ئێستا بێدەنگە.''

بڵند ئیبراھیم

Attachments area