Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: ڕاپرسی، پاشەڕۆژی گەلی کوردستانی مسۆگەر کرد

 

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک مەسعوود بارزانی) رایدەگەیێنێ، ئەگەرچی لە دوای ئەنجامدانیەوە هەندێک بەربەست هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام ڕاپرسی پاشەڕۆژی گەلی کوردستانی مسۆگەر کردووە.

(سەرۆک بارزانی) لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویکی ئەمریایکی هەروەها رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک بە سەرکردایەتیی ئێران و بە ئاگاداریی بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا بووە.

دەقی دیمانەکە:

نیوزویك: لە ریفراندۆمدا سەرکەوتنتان بە دەست ھێنا، بەڵام پێدەچێت کاریگەریی خراپی لەسەر بنیادنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کوردان دانابێت. بۆچی سوور بوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟
سەرۆک بارزانی: بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێکی شەخسی نەبوو، بەڵکو بڕیارێکی ھەمەلایەنە بوو کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان دایان و سەرکەوتنی ریفراندۆمیش ئەوە بوو، کە 93%ی خەڵکی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگی دا. ھەر بۆیە پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو. بڕوایشم وایە ئەم ڕیفراندۆمە پاشەڕۆژی گەلی کوردستانی مسۆگەر کرد، راستە ھەندێک بەربەست لە قۆناغی دوای ریفراندۆم هاتنه‌پێش، بەڵام بەو مانایە نایەت کە گەلی کورد ئیرادەی لە دەست دابێت.

نیوزویك: بەڵام زۆرێک پێیان وایە کاتەکەی گونجاو نەبوو؟
سەرۆک بارزانی: ئێمە بڕوامان وایە کاتەکەی گونجاو بوو، چونکە ئەو ھێزە عێراقییانەی ئێستا سیاسەتەکانی خۆیان دەچەسپێنن بۆ گۆڕینی بارودۆخ و دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان کردوون، ئەم پرۆگرام و پلانەیان تەنانەت بەر لە ریفراندۆمیش لە مێشکدا بوو. ئەوان ریفراندۆم وەک بیانوویەک بە کار دێنن بۆ شاردنەوەی پیلانەکەیان لە دژی گەلی کوردستان. ئێمە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم سوور بووین بۆ ئەوەی ڕێگە لە خوێنڕێژی بگرین، بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕ و پێکدادانی چەکداری بگیرێت. ئەو ھێزە عێراقیانەی ئێستا شەڕ لە دژی ئێمە دەکەن، دەیانەوێت واقیعێکی نوێ بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. ھەڵەی ئێمە ئەوە بوو کە دەبوایە ریفراندۆم زووتر لەو کاتە ئەنجام بدەین نەوەک درەنگتر.

نیوزویك: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش ھاوکاری و ھەماھەنگیی نزیکی ھەبوو لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا. پێتان وایە ئەمریکا ئێوەی بە تەنیا جێھێشتووە؟
سەرۆک بارزانی: بەبێ ڕۆڵی پێشمەرگە و ئەو قوربانییەی پێشمەرگە بەخشی، نەدەتوانرا پاشەکشە بە داعش بکرێت و شکست بدرێت، تەنانەت مووسڵیش ئازاد نەدەکرا، بەڵام چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ھێزە عێراقییەکان چەکی ئەمریکایی، کە ئەمریکا بە عێراقی دابوو شەڕی داعشی پێ بکات، لە دژی ھاووڵاتی خۆی بەکار بێنێت. ئەوەیان زۆر چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئێمە.

نیوزویك: بە ڕای ئێوە ئەمریکا پلانی عێراقی بۆ چوونە ناو کەرکووک و ناوچەکانی دیکە پەسەند کربوو؟
سەرۆک بارزانی: بەڵێ، پێمان وایە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک بە سەرپەرشتیی ئێرانییەکان و بە ئاگاداریی بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەنجام درا.

نیوزویك: (جۆن مەککین) سیناتۆری ئەمریکایی، ھەرێمی کوردستانی بە دۆستێکی بە نرخ و ھەمیشەیی ئەمریکا وەسف کردووە. پێتان وایە دۆستایەتیتان لەگەڵ کۆشکی سپی لە ژێر سەرۆکایەتیی (دۆنالد ترەمپ)ـدا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە؟
سەرۆک بارزانی: (جۆن مەککین) پیاوێکی بەڕێز و تێگەیشتووە و ئاگاداری قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە، بەڵام سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کوردستان و کۆشکی سپی… ناتوانم بڵێم پەیوەندیمان ھەیە یاخود نا.

نیوزویك: ئێران دوژمنێکی باوەکوشتەی عێراق بوو و ئێستایش نزیکترین ھاوپەیمانیەتی. ئەم پەیوەندییە پتەوە بە لای ناوچەکە و گەلی کوردستانەوە چ دەگەیینێ؟
سەرۆک بارزانی: بڕیارەکانی عێراق لە دەستی ئێراندان. کورد نیازی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕکابەریی ئێرانی نییە.

نیوزویك: کەواتە نیازی کاری ھاوبەشتان ھەیە لەگەڵ ئێران؟
سەرۆک بارزانی: ئەوەیان لە داھاتوودا بڕیاری لەسەر دەدرێت.

نیوزویك: زۆرێک لە لایەنەکان نیگەرانن لەوەی گرژیی نێوان ھەولێر و بەغدا لە ئەنجامدا بگاتە ھۆکاری سەرھەڵدانی شەڕێکی نوێ. ڕای ئێوە چییە؟
سەرۆک بارزانی: ئێمە ھیواخوازین شەڕ و خوێنڕێژی کۆتایی پێبێت. سیاسەتی ئێمە ئەنجامدانی دیالۆگ و گرتنەبەری ھۆکاری ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەری و پێشگرتن لە کێشە لەگەڵ بەغدادا. ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان بیانەوێت ڕێگە لە پێکدادانی سەربازی بگرن، ئەوا دەتوانن. بەڵام ئەگەر شەڕ ڕوو بدات، بەو مانایە دێت ئەوان گڵۆپی سەوزیان پێکردووە.

نیوزویك: ڕکابەرانتان پێیان وایە، ئێوە ریفراندۆمتان بۆ دەستکەوتی سیاسیی تایبەت بە خۆتان ئەنجام داوە. ئێوە چی دەڵێن؟
سەرۆک بارزانی: ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ساڵی 2014 لە لایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و پەرلەمانەوە بڕیاری لێ درا. ئەم بڕیارە بڕیارێکی شەخسی نەبوو و، بڕیاری سەرجەم پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کوردستان بوو. بەڵام بەھۆی داعشەوە بەرواری ئەنجامدانی ریفراندۆممان دواخست. بەڵام دواتر کە کە وادەکەیمان دیاری کرد، ئەوکاتیش ھەر بڕیارێکی ھەمەلایەنە بوو و پارتە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاریان لەسەردا.

نیوزویك: ئایا سەربەخۆبوونی کوردستان هێشتا لەئارادایە؟
سەرۆک بارزانی: ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکان دەگوزەرێت کاتییە، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت ناسنامەی ئەم ناوچانە بگۆڕێت. ئێمە ھیچ گۆڕانکارییەکی زۆرەملێ بەسەر دێموگرافیای ئەو ناوچانە قەبووڵ ناکەین. ناسنامەی ئەو ناوچانە ھێشتا کوردستانییە. تەنھا بۆ رێگەگرتن لە شەڕ و خوێنڕێژیی زیاتر بوو کە ئێمە لە بەشێکی ئەو ناوچانە پاشەکشەمان کرد. ئامانجمان ئەوە بوو ڕێگە لە تێکھەڵچوونی سەربازی بگرین و زەمینەی گفتوگۆ فەراھەم بکەین.

نیوزویك: تا چ ڕادەیەک ئێوە ئامادەی دان بەخۆداگرتنن بۆ ڕێگەگرتن لە بەریەککەوتنی سەربازی لەگەڵ بەغدا؟
سەرۆک بارزانی: تا ئەو ئاستەی کە دەکرێت، ئێمە ئامادەین خۆ لە لە شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق بپارێزین، تا ئەو کاتەی ئەوان نەیانەوێ دۆخی فیدراڵیی کوردستان بگۆڕن.

KDP.info-Kurdistan24