Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەدر تێگەیشت لە کەرکووک چی دەگوزەرێ بۆیە بڕیاری کشانەوەی دا"

کەرکوک-KDP.info- دوا ئەوەی رەوتی سەدر بڕیاری  کشانەوەی هێزەکانی لە کەرکووک دا، بە باوەڕی (شاخەوان عەبدوڵڵا) ئەو بڕیارەی سەدر بۆ ئەو تێگەیشتنە دەگەڕێتەوە کە ئەوان دەزانن هەندێ گروپی حەشدی شەعبی دەیەوێ تاوان لە کەرکووک ئەنجام بدەن.

(موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر داوای کرد لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا سەرجەم هێزەکانیان لە کەرکووک بکشێننەوە و بارەگاکانیان چۆڵ بکەن.
ئەم بڕیارەی سەدر دوای ئەوەی دێ کە لە دوو رۆژی رابردوودا دوو تەقینەوە لە کەرکووک لەبەردەم بارەگای رەوتی سەدر لە کەرکووک ئەنجامدران، ئەو بارەگایانە ئەگەرچی شوێنی میلیشیای حەشدی شەعبی نەبوون و ئەوان بە پاڵپشتی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و داگیریان کرد، دوای ئەوەیش چەندین تاوانیان بەرانبەر خەڵکی سڤیلی کەرکووک ئەنجامدا، بەڵام لە ئێستادا سەدر دەیەوێ لەو ناوچانە هێزەکانیان بکشێنێتەوە.

سەبارەت بەم بڕیارەی سەدر، (شاخەوان عەبدوڵڵا) ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، سەدر لەوە گەیشت ئەو تەقینەوانەی ئەنجامدران ئەوانە داعش نەبوون، بەڵکوو تێگەیشتنیان وایە کە وڵاتێکی هەرێمی دەیەوێ هێزی سەرایەی سەلام کە سەر بە رەوتی سەدرە بکرێتە ئامانج، بۆیە ئەوان دەکشێنەوە.

دەشڵێ، رەوتی سەدر هەستی بەوەکردووە کە هێزێکی حەشدی شەعبی لەو ماوەیەدا دەیەوێ تاوانی زیاتر لە کەرکووک ئەنجام بدات، بۆیە ئەوان نایانەوێ لەو تاوانە بەشداربن و دەیانەوێ ئیدی لە کەرکووک نەمێنن.

بڵند ئیبراھیم