عبدالسلام بەرواری
ڕازینەبوونی سەرۆک بارزانی بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، یان هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەو ئاراستەیە، دەچێتە پاڵ خۆکاندیدنەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ و جەختکردنە بەردەوامەکانی سەرۆک لەسەر پابەندبوون بە یاسا، هەموو ئەم هەڵوێستانەش دەربڕی کەسایەتی و تێڕوانینە سیاسی و یاساییەکانی سەرۆک بارزانیە.
ئێستاش کە لە یەکی مانگی یازدەوە، ئیتر سەرۆک بارزانی ڕزگاری دەبێت لە هەموو ئەو پابەندبوونانەی پۆستی سەرۆکی هەرێم و ئازادی زیادتری دەبێت بەردەوامی بە ئەرکە سەرەکی و مێژوویەکەی بدات، ئەرکی هەوڵدان بۆ گەیاندنی کورد و کوردستان بە ئاقاری بە دەوڵەتبوون و سەربۆخۆیی.
سەرۆک بارزانی بە درێژایی ئەم چل ساڵەی ناسین و کارکردنی ڕاستەوخۆم لەگەڵ جەنابیان، بە بەردەوامی دووبارەیکردۆتەوە کە ئەرکی ئەو هیچ پلە و پایە و پۆست نیە، بەڵکو ئەگەر شتێک هەبێت لە ژیانیدا شانازی پێ بکات، بوونی بە پێشمەرگەیە و بەردەوامبوونی لەئەنجامدانی ئەرکەکانی بوون بە پێشمەرگە لە هەموو بوارەکانی سەربازی و دبلۆماسی و سیاسی و ئیداریەوە.
پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمیش و پێش ڕاپەرین و دامەزراندنی حکومڕانی خۆمانی لە کوردستانی باشور، نەک لەناو ڕیزەکانی پارتی یان لەناو جەماوەری کوردستان، بەڵکو لەناو هێزە کوردستانی و عێراقی و ناوچەشدا، هەر بە (سەرۆک بارزانی) ناوی دەرچووە.
هەر لە هەشتایەکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووشدا، لە ناوەندە نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی سەرکردە و سەرۆک و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە، هەر بە (مستر پرێزیدێنت) و (پرێزیدێنت بارزانی) قسەی لەگەڵ دەکرا، بۆیە کە ڕازیش نەبێت بەردەوام بێت وەک (سەرۆک بارزانی)، جەنابیان هەر دەمێنێت (سەرۆک بارزانی) و (مستر پرێزیدێنت) لای ئەو سەرکردە و ناوەندە جیهانیانەی بەدرێژایی زیادتر لە سی و پێنج ساڵ پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەگەڵ جەنابیان.
ئەم پێگە و ئەم سەنگە دەگمەنە بە ئاسانی و بێ بنەمایەکی پتەو بەدەستناهێنرێت، چونکە سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو سەرکردە و ڕابەرانەی کە بە درێژایی سەدەیەک، جارێک یان دووجار لە مێژووی نەتەوەیەک دروست و پەیدا دەبن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کارێزمایی و زیرەکی و حیکمەت و تواناکانی ئەو کەسانە.
سەرۆک بارزانی کە ئامادەنەبوو لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ و سەرەتای ١٩٨١ سەردانی سوریا بکات، پاش وەرگرتنی داوەتنامەیەکی فەرمی لە کۆماری سوریا، لەبەر ئەوەی ئەوانەی پرۆتۆکۆلی سەردانەکەیان دانابوو، ئاماژەیان بەوە نەکردبوو کە لەو سەردانەدا دیدارێکی دەبێت لەگەڵ (أسد) ی سەرۆکی ئەوکاتەی سوریا، سەرەڕای پێویستی و گرنگیی سوریا بۆ شۆڕشی گوڵان، ئەوکات بارزانی سەرۆک هەرێم نەبوو و هیچ پلە و پایەی فەرمیی نەبوو، تەنیا سەرکردەی شۆڕشێک بوو کە لە شاخەکانی کوردستان شەڕی مان و نەمانی دەکرد.
هەر ئەم هەڵوێستەی (أسد) ی ناچار کرد جارێکی تر بە ناوی خۆیەوە داو لە بارزانی بکات سەردانی بکات و دیداری لەگەڵ بکات. پاشان کە پاش ڕاپەرین جارێکی تر سەردانی سوریای کرد و لە ڕێگای گەڕانەوەیدا جەماوەر سەیارەکەیان لەسەر ملی خۆیان هەڵگرت و بە درێژایی دەیەها کیلۆمەتر جەماوەری کوردستانی ڕۆژئاوا لە پێشوازیدا بوون، ئەو کاتەش سەرۆکی هەرێم نەبوو.
سەرۆک بارزانی هەر مەرجەع و سەرکردە و نوێنەری کێشە ڕەواکەی میللەتەکەی دەمێنیت.