Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وردەکاریی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی پردێ


پردێ-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە پردێ ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران ئەمڕۆ زۆر پاشەكشەیان كردووە و 21 كوژرا و تێكشكاندنی دوو هەمەڕ و فۆردێك زەرەر و زیانیان بەركەوتووە. هێزی پێشمەرگە لە پردێ زۆر چووەتە پێشەوە و  سەنگەرەكانی خۆی قایم كردووە، ئێستا پێشمەرگە لە ناوچەكە زاڵە بەسەر ئەواندا و شەڕ و ڕاگرتنی شەڕ لە دەست پێشمەرگەدایە.

(حوسێن یەزدانپەنا)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە بەرەی شەڕەوە لە پردێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوەن هێرشیان كردە سەر سەنگەرانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بەباشی لێیان هاتنە دەست و تێكیان شكاندن و خەسارەتێكی زۆر گەورەیان پێ گەیاندن، 21 كوژراویان هەیە، دوو هەمەڕیان سووتێنراون، فۆردێكیش كە دۆشكەی لەسەر بار كرابوو، تێكشكێنراوە و، بەو شێوەیە هێرشەكەیان تێكشكێنراوە.''

(یەزدانپەنا) گوتیشی: ''ئێستا هێزی پێشمەرگە لە پردێ باش چووەتە پێشەوە و سەنگەرەكانی خۆی قایم كردووە و ئێرادەی تێكشكاندنی هەر هێرشێكی دیكەمان هەیە، چونكە ئێمە ئەوانمان ڕاوناوە، ئەوانە ئەوەی ئێستا پێیان ماوە تەنیا لە دوورەوە هاون دەگرنە گوند و ئاواییەكان، بێ  ئەوەی بۆ لای هێزی پێشمەرگە بێن، بە ماڵی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دەكەون، ئەوەش تاوانە لە دژی خەڵكی سڤیل و مەدەنی، هەروەها كێڵگەكان دەسووتێنن و مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییان لەناو دەبەن، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بەجواب بێت.''

ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوەش كرد: ''ئێستا ئێمە زاڵین بەسەر ناوچەكەدا و شەڕ و ڕاگرتنی شەڕ لە دەست ئێمەدایە.''


ڕابین شێروانی