Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕێی وەڵامی بەغداین.. مووچه‌ ده‌درێ

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزارتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوای دیالۆگیان کردووە بە گوێرەی دەستووری عێراق. لەبارەی وادەی چوونی شاندی کوردستانیش بۆ بەغدا گوتی، وادەکە دیاری نەکراوە، چونکە چاوەڕێی وەڵامی بەغداین.

سەروەکوەزیرانی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕەوشی ئەو خێزانانەی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ئاوارەی کوردستان بوونە، بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا و سوپاسی خەڵکی هەولێر و دهۆک و سلێمانیی کرد، کە کۆمەکی خەڵکی کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکەیان کردووە.

(نێچیرڤان بارزانی) باسی لەوە کرد، کە نزیکەی 150 هەزار کەس لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە، ئێستاش لەگەڵ یوئێن لە هەوڵدان تا کۆمەک بکرێن.

سەبارەت بە هێرشی بەغداش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و هێرشی حەشدی شەعبی و ڕێگاچارەکان، سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێین بە دەستوور کێشەکە چارە بکرێت، ئێمەیش ئەوە دەڵێینەوە.''

(نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''دەمانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە لەگەڵ بەغدا و کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بکرێن، ئێستا وادەی شاندی ئێمە بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەین.''

سەبارەت بە جموجووڵی حەشدی شەعبی لە هەندێ ناوچەی وەک ڕەبیعە و شوێنەکانی دیکە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەڵێت: ''ئەمە کاریگەریی دەبێ لەسەر دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە ڕابگیرێن.''

سەبارەت بە حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی، کە گۆڕان داوای دەکات، سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی: ''زۆرینەی لایەنەکان لە نێو حکوومەتدان، دەبێ بیانەوێ کێی دیکە بێتە ناو، ئێمە لە میدیادا گوێبیستی ئەمە بووینە، ئەگەر بێنە لاشمان ئەوا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام دەبێ تێبگەین چ بیانوویەکیان بۆ ئەمە هەیە، تا داوای بکەن.''

سەبارەت بە ڕێگەچارەی ئەم دۆخەش، سەرۆکوەزیرانی کوردستان جەختی لە یەکڕیزیی گەلی کوردستان کردەوە و دڵنیایی دا، ئەگەر یەکگرتوو بین ئەو دۆخەش تێدەپەڕێ و چارە دەبێت، شتی ناخۆشترمان لەوە بینیوە و دەبێ حزبە سیاسییەکانیش ڕێگری لەو دەستانە بکەن، کە دەیانەوێ دووبەرەکی بنێنەوە.''

(نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''ئێستا کاتی ئەوە نییە کەس تۆمەتبار بکرێت کێ وای کردووە، ئەمە دەبێتە ئەرکی لێکۆڵەرە مێژووییەکان و دواتر ئەوان با لێی بکۆڵنەوە چی بووە و چۆن بووە، ئێستا کاتی یەکڕیزیی گەلی کوردستانە.''

سەبارەت بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش لە بەردەوامیان لە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی کوردستان سوپاسی کردن و گوتی: ''ئەمە گرێبەستی کارە و لە چوارچێوەی دەستوور کراوە و سوپاسی هەر وڵاتێکیش دەکەین، کە پشتگیری لە ئێمە دەکەن و پشتگیری بۆ دیالۆگ دەکەن.''

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانیش دڵنیایی دا: ''مووچە دەدرێ، ئەگەر چی کێشەیەکی بچووک هاتە پێش، بەڵام چاک دەکرێ و ماوەیەکی کورت دەخایەنێت و مووچە دەدرێت.''