Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری خوێندنی باڵا: بە یەکڕیزی و یەکتیمی درێژە بە کاروانی خەبات و خزمەتکردنی خەڵک دەدەین


ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی ھەفتانەی وەزارەتەکەدا ڕایگەیاندووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە یەک تیم درێژە بە کاروانی خەبات و خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدات، لەم قۆناخە ھەستیار و ناسکەدا کاری لە پێشینەمان دەستکردن و گەشەپێدانە بەو کاروبارانەی کە لە پێشمانە.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و، بە سەرۆکایەتیی (یوسف گۆران)، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندووە: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە یەک تیم درێژە بە کاروانی خەبات و خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدات.''

ئەو ڕاگەیانراوەی (د. یوسف گۆران)، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی (٢٢/١٠/٢٠١٧) لە سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەی ھەفتانەی وەزارەتەکەیاندا بڵاو کراوەتەوە.

(د. یوسف گۆران) گوتی: ''دەبێ لەم قۆناخەدا ئێمە وەک بژاردەی کۆمەڵی کوردستان زیاتر لە ھەر توێژێکی کۆمەڵ بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی درێژە بە کاروانی خەبات و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان بدەین و ببینە ھەوێنی ئاشتەواییی ناوخۆمان.''

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختیشی کردەوە: ''مافی چارەی خۆنووسین و گەیشتن بە دوا ئامانجەکان مافی ڕەوای خۆمانە و ناشبێت لەو ھەنگاوەی کە ھاتووەتە پێش پاشگەز ببینەوە، یان کار لە ئیش و کارەکانمان بکات و بڕووخێین.''

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا (د. یوسف گۆران) ڕایگەیاند: ''لەم قۆناخە ھەستیار و ناسکەدا کاری لەپێشینەمان  دەستکردن و گەشەپێدانە بەو کاروبارانەی لە پێشمانن.''

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانیشی دا: ''دەبێ ھەموومان وەک یەک تیم لە بەر ڕۆشنایی و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان لەسەر کارەکانمان بەردەوام بین و ئەم ھەوێنی یەکڕیزییە شۆڕ بکەینەوە بۆ خوارەوە. ئەمە پەیام و دیدگای ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە و ئێمەش پێوەی پابەندین، ھەروەک چۆن دەبێ سەرجەم زانکۆکان لەسەر ھەمان ڕێچکەی خەباتی خۆیان بەردەوام بن، تا گەلەکەمان دەگەیەنین بە کەناری ئارام.''

فائیزە حەمید