Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا جەخت لە پتەوکردنی پێگەی حکوومەت و هێنانەئارای یەکڕیزی کرایەوە

 

هەولێر-KDP.info-  لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان لایەنە کوردستانییەکاندا، (مەحموود محەممەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "یەکڕیزی و پتەوکردنی نێوماڵمان، هەست بەرپرسارەتی و پێویستیی تێپەڕاندنی دۆخەکە، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوانمان بووە."

هەروەها ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە دۆخی هەنووکەیی، هەروەها چۆن بتوانن بەرگریی لە کوردستان بکەن و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی یەکدەنگی و هاوئاهەنگیی لایەنە سیاسییەکان بدەن لەپێناو پتەوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.

(مەحموود محەممەد) ڕاشیگەیاند، "پێشتر و ئێستایش بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئەوەیە، گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدەین، ئەوانەشی کە ئەندامی شاند دەبن بۆ بەغدا، هەڵبەتە پاش ئەوە دەبێ کە بەغدا ئامادەی گفتوگۆ بێ و چاوەڕیی وەڵامی ئەوان دەکەین."

لەبارەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیشەوە گوتی، بابەتی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە، ئیختیار لەدەست پەرلەمان خۆیدایە کە چ بڕیارێک دەدات و ڕەنگە لەم دوو سێ ڕۆژەدا کۆبوونەوە بکەن.

هاوکات (سەعدی پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، ئاماژە بە سەرکەوتنەکان کە ەبرەنجامی یەکڕیزیی پێشمەرگە بوو لە شەڕی داعشدا، ئاوایش بەرانبەر بە ئەوەی وەک ئەو گوتی "پیلانی نێودەوڵەتی ببینەوە"، و گوتیشی، مەرجەکانی حکوومەتی بەغدا بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا قابیلی قبووڵ نین.
لەبارەی بڕیاری بەغدایشەوە پێوەست بە بڕیاری دەستگیرکردنی (کۆسرەت ڕەسووڵ) جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەگەر بەغدا نیازی گفتوگۆی هەبێ بڕیاری وا دەرناکا و "ئەو قارەمانە و جێگری سەرۆکی هەرێمە، جا بۆیە دەستبردن بۆ دۆسێی لەوبابەتە قەبووڵ ناکرێ و، پێم وایە ئەمە بڕیاری (حەیدەر عەبادی) نەبێ."

هاوکات (فەرهاد مەلاساڵح) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکلگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی، "لایەنە سیاسییەکان دیالۆگمان ڕەت نەکردووەتەوە و پێمان وایە دواچارەش هەر دیالۆگە. هەڵبەتە بە یەکڕیزیمان دەتوانین قۆناغەکە تێپەڕێنین و بە یەک ئیرادەیی و یەک ئیدارەیی و پێکەوە کار بیکەن."

 

لەم کۆبوونەوە و کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا کە مەسیحی و تورکمانەکانیش تێیدا بەشدار بوون، پشتیوانیی خۆیانیان بۆ یەکڕیزی کوردستانیان و دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دووپات کردەوە.
ئەم کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشە، پاش کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کە لە هەولێر ساز درا.