ئه‌ڵمانیا-KDP.info- رێكخه‌رێکى خۆپیشاندانه‌كانى ڕەوەندی كورد لە ئەورووپا دەڵێ، دژى داگیركاریى حه‌شدى شه‌عبى به پشتیوانى ئێران بۆ سەر كه‌ركووك و ناوچە كوردستانییەکانی دیکە، له ته‌واوى وڵاتانى ئه‌ورووپادا خۆپیشاندان ساز دەدەن و لە ڕێیەوە په‌یامى گه‌لى كوردستان به گوێێ جیهانیاندا دەدەن.
ڕۆژی هه‌ینى 20-10-2017 ، (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له په‌یامێكدا داواى له كوردستانیانى ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا كرد کە بە شێوەیەکی مەدەنی و ئاشتیانە و بۆ پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان، خۆپێشاندان و چالاکی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاریی گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن کە تیایدا نیشتەجێن، تا ئەم شەڕ و ئابلۆقەیە لە دژی گەلی کوردستان بە زووترین کات ڕابگرن.
(ئارمانج عه‌گید نێروه‌یى ) چالاكوان و یه‌كێك له رێكخه‌رانى خۆپیشاندانه‌كانى كوردانى تاراوگەیە، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕایگه‌یاند، "ده‌توانین شه‌قام و وڵاتانى ئه‌ورووپا و جیهان بهه‌ژێنین؛ ئێمه ئاماده‌كاریى خۆمان كردووه وه‌كو ته‌واوى سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌كانى كوردان له وڵاتى ئه‌ڵمانیا، سەعات 11ـ‌ى به‌یانیی رۆژى سێشه‌ممه بڕیارمان داوە له‌سه‌ر داخوازیى جه‌نابى سه‌رۆك له ئه‌ڵمانیا خۆپیشاندان بكه‌ین. به به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى كوردستان و وێنه‌ى قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له به‌رلین و به‌رده‌م كۆنسووڵخانه گشتییه‌كانى ئه‌مریكایش له شاره‌كانى هامبۆرگ و دۆسلدۆرف و فرانكفۆرد له یه‌ك كاتدا پەیامی مەزڵومیەتی گەلی کوردستانیان پێ دەگەیێنین."
دوێنێ له چەند شارێکى ئه‌ڵمانیا خۆپیشاندان ساز درا و، وەک ئەو ڕێکخەرە دەڵێ "ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ش له به‌رلین و له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ى ئێران، بڕیاره خۆپیشاندانێكى تر ئه‌نجام بده‌ین و ئامانجمان لێی ئێران نییه، به‌ڵام گه‌یاندنى په‌یامى خۆمانه بۆ ئه‌ڵمانیا و جیهان تا بزانن ئێران ده‌ستى هه‌یه له‌و شه‌ڕه‌ى له‌به‌رامبه‌ر گەلی كوردستان ده‌كرێت."
(ئارمانج نێروه‌یى) ڕاشیگه‌یاند: "بریارمان وایە دوو خۆپیشاندانى گه‌وره‌تر و به‌رفراوانتر رۆژى 25-10 له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنى گشتیى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له برۆكسل ساز بدەین و هه‌روه‌ها له شارى به‌رلینیش كار ده‌كه‌ین بۆ رۆژى شه‌ممه‌ى دابێ 28-10، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ین و به هه‌زاران كوردستانى به‌شدارى تیدا دەکەن."
نه‌شوان به‌رزنجى