Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێستا بوونمان هەیە و ناومان لە نێو ناوانە

حوسێن کوردنەژاد
لە نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتدا چەندین دیسکۆرس لە مەیداندا بوونیان هەیە. دیسکۆرسی بە هێزی سوننە، رادیکاڵێکی لاوازکراو و سوننەتیێکی خوازیاری ریفۆرمی خاوەن پارە و ئیرادە و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بەهێز، لە پەنای ئەوەدا دیسکۆرسی بەهێزی کۆنەپەرستی شیعە، قەیرانخوڵقێنەر و پەلهاویشتوو لە چەندین وڵاتی ناوچەدا، بێ هاوپەیمان کە ژیانی بەستراوەتەوە بە خوڵقاندنی قەیران، دیسکۆرسێکی بێ داهاتوو، کە ئێران نۆێنەرایەتی دەکات.
هەروەها دیسکۆرسێکی ئەورووپایی بەرژەوەندخواز کە لەسەر بنەمای دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری لە کورتخایەندا سیاسەت دەکات، بەڵام لە رووی فیکری و مۆراڵیەوە خۆی بە چەمک و دەستکەوتەکانی دێمۆکراسی و حوکمی یاسا پابەندە دەکات و بەم جۆرە هەژموونێک بۆ دیسکۆرسی خۆی دابین دەکات، دیسکۆرسێکی تری ئاکتیڤی رووسیایی کە بە رێگای پەرەپێدان بە پێگەی خۆی لەم ناوچەیەدا بە دوای چارەسەری خیلافاتی خۆیدا دەگەڕێ بۆ گەیشتن بە تەوافوقێک لەگەڵ ئامریکادا.
دیسکۆرسێکی تری زۆر بە هێز هەڵسوکەوتی ئامریکایە کە لە داڕشتنی سیاسەتدا لە نێوان دژبەریبوونی کۆمار و ئێمپراتۆریدا لە هەوڵی ساغکردنەوەی سیاسەتە، دژبەرییەک کە بەیانی خۆی لە هەڵسوکەتی چەندین حکوومەتی رابردووی ئامریکادا دیومانە، بەڵام ئەم دوو لایەنی جەوهەری سیاسەت داڕشتن لە ئامریکادا خۆی بە روونی لە سیاسەتی ئامریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا نیشان دەدات. لەم ناوەدا کوردیش وەک ئاکتۆرێکی کۆن و تازە لە مەیدانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە رێگای رێفراندۆمی مێژوویی ٢٥ـی مانگی ٩ـی ٢٠١٧ـدا، خۆی لە پرسێکی ناوخۆی وڵاتانی داگیرکەری خاکەکەی رزگار کرد و، بوو بە خاوەن دیسکۆرسێکی تایبەتی خۆی لە نێو هەموو دیسکۆرسەکانی تری ئەم ناوچەیەدا، بۆیەشە دژکردەوەی هەموو لایەنەکانی وەجووڵە خست، لەبەر ئەوە کە بوو بە دیسکۆرسێک لە ناو دیسکۆرساندا، دیسکۆرسی کوردی بە رێگای رێفراندۆمەوە رێگایەکی مێژووییی دوورودرێژی بە ئەنجام گەیاند و پەیامی سەربەخۆیی بە گوێی هەموو لایەکدا گەیاند.
کورد بە هەڵسوکەوتی ئەم چەند ساڵەی رابردووی خۆی لە ئاست نێونەتەوەییدا لە مەیدانی شەڕی- مۆراڵ-دا سەرکەوت. بیری گشتیی دنیا ئێستا کورد بە حەق دەزانن. لێرەڕا هەتا بە عەمەلیکردن و چەسپاندنی سەربەخۆییی کوردستان، رێگامان پڕ لە تەنگوچەڵەمە دەبێ، بەڵام رێگاکەی لێ روونە. ئەگەر شەڕی کرد دەزانێ شەڕ بۆچی دەیکات، ئەگەر دیپلۆماسی کرد، دەزانێ بۆچی دەیکات و ئەگەر هاوپەیمانەتی کرد دەزانێ بۆچی دەیکات، ئەگەر کەس و لایەنێک خیانەتی لێی کرد چ دەرەکی و چ ناوخۆیی، دەزانێ لەسەر چ بنەمایەک ناوی خیانەتی بەسەردادەبڕێ.
ئێستا رێگامان روونە، ئەرکمان بەهێزکردنی خۆمانە بە مەبەستی عەمەلیکردنی سەربەخۆیی و چەسپاندنی سەربەخۆیی، چەند ساڵی پێ دەچێت؟ نازانین، بەڵام چ دەکەین و؟ بۆ دەیکەین؟، وەڵامەکەمان لێ روونە.