Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوردستانیانی تاراوەگە بۆ کۆمەڵگەی دەولی: پشتگیری کوردستان بن


هەولێر-KDP.info- بە سەدان هەزار کەس لە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا ڕژانە سەرشەقام و چوونە بەردەم کونسووڵخانە و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن و سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی حەشدی شەعبی دابنرێت.

دوێنێ (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: ''داوا لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی ئەورووپا و ئەمەریکا دەکەم، بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان، خۆپێشاندان و چالاکیی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاریی گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن، کە تێیدا نیشتەجێن، کە ئەم شەڕ و ئابلۆقەیە لە دژی گەلەکەمان بە زووترین کات ڕابگرن. داواکارم دەنگی مەزڵوومیەتی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە جیهانییان بگەیەنن.'' ئەمڕۆش ٢١\١٠\٢٠١٧ لە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا خۆپێشاندان دەستی پێ کرد و لە ڕێگای چالاکیی جۆراوجۆرەوە داوایان کرد، سنوورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنرێت. (عەلی دۆڵەمەڕی)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستخۆشیی زۆرمان بۆ کوردانی تاراوگە هەیە، کە پشتیوانیان لە پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) کرد، ئێستا سەرجەم چین و تویژەکانی کوردانی تاراوگە لە وڵاتە جیاوازەکانەوە چوونەتە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان کردووە، سنوورێک بۆ هێرشەکانی حەشدی شەعبی دابنرێت و حکوومەتی عێراقیش بخرێتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەوە.''

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئەوەیشی خستە ڕوو: ''لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەی لە دژی کوردستان دانراون، کوردانی تاراوگە بە گەرموگوڕییەوە هاتوونەتە پێشەوە و دوای پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) بەشێکی زۆری خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان بەدەم بانگەوازەکەوە هاتوون و پشتیوانن بۆ سەرکەوتنی کوردستان، ڕەنگە ئەم خۆپێشاندانە بەردەوام بن و بەرفراوانتریش ببن.

هاوکات، (حوسێن بەکر)، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپێشاندەرانی، وڵاتی دانیمارک لە کۆپنهاگن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) بۆ کوردانی تاراوگە هەزاران خەڵکی وڵاتی دانیمارک بە مەبەستی دەڕبرینی ناڕەزایی لە دژی ڕەفتارەکانی حەشدی شەعبی خۆپێشاندانیان ئەئجام دا و ئەمڕۆش خۆپێشاندەران گەیشتنە بەردەم کونسووڵخانەی ئێران و داوا دەکەن، هێزەکانیان لە کوردستان بکشێنەوە و دواتر چوونە بەردەم کونسووڵخانەی عێراق و داوایان کرد ڕێگری بکات لە شەڕی نێوخۆی عێراق.''

ئەوەیشی خستە ڕوو: ''تا دێت خۆپێشاندان فراوان دەبێت و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کردووە.''
هاوکات، (سیروان حەمەکەریم)، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپێشاندەرانی ستۆکهۆڵم بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەسەر داوای (سەرۆک بارزانی) ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە ئەڵمانیا، سوید، دانیمارک و فەرەنسا بە نوێنەراتیی هەموو گەلی کوردستان، بەشدار دەبین لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش بۆ ناڕەزاییە لە بەرانبەر ئەو کردەوانەی حەشدی شەعبیدا بەرانبەر بە کوردستان و پێمان وایە، ئەو چەکانەی بە حەشد دراوە بۆ لەناوبردنی داعشە، کەچی ئێستا بۆ لەناوبردنی کوردستان بەکاری دەهێنن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگە.''

(سیروان حەمەکەریم) گوتیشی: ''دوای بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو زنجیرە چالاکییە بەردەوام دەبێت، سبەی دەچینە بەردەم بارەگا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ژینگەدۆستەکان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، چاو بە هەڵوێستەکانیدا بخشێنێتەوە.''

ئەوەیشی خستە ڕوو: ''یەکێک لە داواکاریەکانمان ئەوەیە کە نوێنەرانی ئەمەریکا لە عێراق چاو بە سیاسەتی وڵاتەکەیان لە عێراقدا بخشێننەوە.''

کارزان سەباح هەورامی