Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

٥٥٠ خێزانی دیکەی کەرکووک و خورماتوو لە هەولێر هاوکاری کران


هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە نێو شاری هەولێر و شارەدێی بنەسڵاوە و لانە سیتی بەتانی و خۆراكیان بەسەر ٥٥٠ خێزانی كەركووك و خورماتودا دابەش كرد.

ڕێككەوتی ٢١/١٠/٢٠١٧ لە بەردەوامیی هەڵمەتە خێرخوازییەكانیدا بۆ بەهاناوەچوونی زیاتری خێزانەكانی شاری دوزخورماتوو و كەركووك، كە بە هۆی بارودۆخ و نالەباریی ڕەوشی ئاسایش لە شارەكەیاندا ماڵوحاڵیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە شاری هەولێر و ناوچەكانی دەوروبەری كردووە، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە خزمەتكردنیان و، لە شارەدێی بنەسڵاوە ٤ هەزار بەتانییان بەسەر ٤٠٠ خێزاندا دابەش کرد كە هەر خێزانێك ١٠ بەتانیان پێشكەش كرا. لە پاركی شانەدەر و كۆمەڵگای لانە سیتیش بە هاوكاریی خێرخوازێك خۆراك و بەتانیان پێشكەشی ١٥٠ خێزانی كەركووك و خورماتوو كرد.

شایانی باسە، بە هۆی جێهێشتنی ماڵوحاڵی دانیشتوانی شاری كەركووك و خورماتوو، نزیكەی ١٣٥ هەزار كەس ڕوویان لە شاری هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان كردووە و ڕۆژانە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە چەندین تیمی جیا و لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان هاوكاریی خۆراك و پێداویستیی ناوماڵ پێشكەشی ئەو خێزانانە دەكەن، كە ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە شوێنە ئارامەكانی تری كوردستان كردووە.