Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە بەغدا

 

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەداتە بەغدا و دەڵێت: "لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان جووڵەکانتان سنووردار بکەن". هەروەها رەتیشیدەکاتەوە ناسنامەی ئەو ناوچانە بگۆڕدرێ و دەڵێت: "ئەو ناوچانە هەر بە ناکۆکی لەسەر دەمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی چارەنووسیان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق یەکلایی دەبنەوە".

راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر رەوشی دەوروبەری کەرکووک:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە سەبارەت بەو راپۆرتانەی باسی پێکدادان لە دەروبەری شاری ئاڵتوون کۆپری لە باکووری عێراق دەکەن. ئێمە لەنزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە هەموو تووندوتیژییەک و جووڵەی ئیستیفزازی رابگرن. داواش دەکەین هەماهەنگی بکەن لە جووڵانەوەکانیاندا بۆئەوەی هێمنی بگەڕێننەوە.

بۆئەوەی خۆ لابدرێت لە هەر لێکتێنەگەیشتنێک یان پێکدادانی زۆرتر، هانی حکومەتی ناوەندی دەدەین کە رەوشەکە هێور بکاتەوە، ئەویش بە سنووردارکردنی جووڵەی هێزە فیدراڵییەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بۆ تەنیا ئەو جووڵانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهاویشترێن. ئێمە پشتگەرمین بەو رێنماییانەی سەرۆکوەزیران عەبادی داویەتە هێزە فیدراڵییەکان بۆ پاراستنی خەڵکی هاووڵاتیانی کوردستانی عێراق و ئیستیفزازنەکردنیان بۆ دروستکردنی پێکدادان.
سەپاندنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی گۆڕینی ناسنامەی ئەو ناوچانە. واتە ئەو ناوچانە هەر ناوچەی ناکۆکی لەسەر دەمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی چارەنووسیان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق یەکلایی دەبنەوە.

تاوەکو ئەوکاتەی لایەنەکان لەسەر ئەوە دەگەنە چارەسەر، هانی تەواوەتییان دەدەین کە لە بواری ئاسایش و بەڕێوەبردندا پێکەوە هەماهەنگی بکەن لەو ناوچانەدا. بۆئەوەی بگەنە ئەمە، دەبێ ئێستا هەموو لایەنەکان بەشداربن لە دیالۆگدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، وەکچۆن سەرۆکوەزیران عەبادی ئەمەی وەک پێشنیازکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە راگەیەندراو ئەمەی قبوڵکردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەمێنێتەوە بە عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر و دیموکراسی و فیدراڵی. پابەندیش دەمێنێتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی عێراق. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ناوەند و حکومەتە هەرێمییەکان بۆ کەمکردنەوەی هەستەوەرییەکان و خۆلادان لە پێکدادانی زیاتر و هاندانی دیالۆگ.

هەروەها ئێمە پێداگر دەمێنینەوە لەسەر تەواوکردنی شەڕ لەدژی داعش لە عێراق و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە هەوڵەکانی دووقات بکات لەگەڵ هاوپەیمانیی جیهانی تاوەکو ئەوکاتەی ئەرکەکە تەواو دەبێت.

لە مێدیای ڕووداو وەرگیراوە