Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەر شەشۆ: داوا لە هاوپەیمانان و کۆمەڵگای دەولی دەکەین حەشدی شەعبی لە ناوچەکەمان وەدەر بنێ

 

شنگال-KDP.info- (حەیدەر شەشۆ) فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دەڵێ، دەبێ حەشدی شەعبی دەڤەری شنگال چۆڵ بکات و، داوایش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، سنوورێک بۆ کارە ناڕەواکانی حەشد دابنێ و ڕێ نەدەن کارەساتێکی دیکە بەسەر شنگالییەکان بێنن.

(حەیدەر شەشۆ) فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان کە هێزەکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە رایگەیاند، ئەمڕۆ لە مەزارگەی شەرفەدین کۆبوونەوەیەک بەرێوە چوو لە نێوان ئەو هێزانەی ئێستای لە شنگالن (فەرماندەی هێزی پێشمەرگە) (هێزی پاراستنی ئێزدیخان)، بڕیار بوو هەندێک سەرکردەی حەشدی شەعبییش بێنە کۆبوونەوەکەوە، بەڵام نەهاتن.

(حەیدەر شەشۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''نامانەوێت ئێزدی بە دەستی ئێزدییان بە کوشتن بچن، ئێمە ئەم کۆبوونەوەشمان لە بەر ئەوە کرد بۆ ئەوەی هێزێکی هاوبەش لە خەڵکی ئێزدی دروست بکرێت و پاراستنی ئێزدییان و شنگالییەکان لەئەستۆ بگرن. ئێمە دووپاتمان لەسەر هەمان داخوازییەکانی پێشتریش کردەوە کە پێویستە شنگال پارێزگایەکی سەر بە کوردستان بێت؛ هەڵبەتە ئێمە چاوەڕوانی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی بەغدا و هەرێم کە ئاخۆ شنگال دەبێتە ئیدارەیەکی هاوبەش یا خود دەگەڕێتەوە سەر هەرێم."

ئەو فەرماندەیەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دەشڵێت، "ڕاستە ئێمە رێزمان لە حەشد دەگرت چونکە بەرانبەر بە ڕێکخراوی داعش وەستابووە و رێزمان لە قوربانییەکانیشیان دەگرت، بەڵام ئێستا کە ئەو هێزە (حەشدی شەعبی) حیساب بۆ هیچ یاسایەک ناکات و ڕێز لە هیچ بەهایەک ناگرن، ئێمەی ئێزدی بە هیچ شێوەیەک ئیهانەیان لێ قەبووڵ ناکەن و، هەڵبەتە نامەناوێت شەڕ و ئاژاوە بکەوێتە نێوانمانەوە و دەمانەوێت بە گفتوگۆ و زمانی دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکەین."

(شەشۆ) جەخت دەکاتەوە "ئەمڕۆ یان سبەی دەبێت حەشد ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە خەڵک بە هۆی کارەکانیان بێزار بووە، پێویستە حەشد ناوچەکە چۆڵ بکات، چونکە ئەوەی حەشد شەعبی بەرانبەر پێشمەرگە و خاکی کوردستان و کەرکووک شنگال دەیکات تەجاوزە، پێویستە هێزە هاوپەیمانەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێکی بۆی دابنێن، خەڵکی شنگال لە حەشدی شەعبی زۆر بێزار بوونە، ئەمە بۆ ماوەی چوار رۆژ هاتوونەتە شنگال رۆژ لە دوای رۆژ کراداری ڕەفتاری بێزارکەرتر دەکەن."

بەرپرسی هێزی پاراستنی ئێزدیخان گوتیشی: ''پەکەکەش رێگایان بەو کەسانە داوە کە دەستیان لەگەل داعشدا هەبووە و بۆ سووریا رایانکردبوو، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ناوچەکە، ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر ناوچەکە دروست دەکات.''

ئەوەیشی خستەڕوو، لە کاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال، هێزەکانی سەر بە پەکەکە دەستیان بە سەر بارەگا حکوومییەکاندا گرتووە و ئاڵای کوردستانیان هێنایە خوارەوە، لە راستیدا ئەمە کارێکی نەشیاو و نانیشتیمانییە، لە کاتێکدا ئیدعای پەکەکە کوردایەتییە."

کــاروان بــاعــەدری