Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، موخاتەبەی ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکات، تا پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر گەلی کوردستاندا دێت و، گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانتان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت.

دەقی پەیامێك لە سەرۆك بارزانی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری سەربەرزی کوردستان

کوردستانیانی دەرەوەی وڵات

ڕای گشتی جیهان


پاش ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە تەعبیری لە ڕای خۆی کرد لە دیاری کردنی چارەنووس، کە مافێکی ئاسایی و سروشتی هەر گەل و نەتەوەیەکە، ئێستا گەلەکەمان کەوتووەتەوە بەر هەڕەشە و ئابلۆقە و سزادانی بە کۆمەڵ. حکوومەتی عێراقیش بە ناوی فەرزکردنی یاسا وا خەریکی سزادانی میللەتێکە کە تەنیا ڕای خۆی دەربڕیوە و هیچ تاوانێکی نەکردووە.
ئەو سزادانەی کە لە دژی گەلەکەمان هەیە پێشێلکردنی هەموو سنوورەکان و یاسا و دەستووری عێراقە و هاوکات بە گەلەکۆمەکی دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەزۆری چەک و شەڕ بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنن و شکۆی گەلەکەمان بشکێنن. ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک و ئاوارەبوونی زیاتر لە سەدوپەنجا هەزار کەس.

لێرەدا موخاتەبەی ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکەم، کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر گەلەکەماندا دێت و گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانتان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت. چونکە حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەخشیویانە و لە جیاتی هەموو جیهان بەرسینگی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان گرتبوو و هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوەدا. بۆیە داوا دەکەم ڕێگە لەم شەڕفرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارەکردنی خەڵک بگرن کە حکوومەتی عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان ئەنجامی دەدات.

هەر لێرەدا داوا لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی ئەورووپا و ئەمەریکا دەکەم، کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان، خۆپێشاندان و چالاکیی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاریی گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن کە تیایدا نیشتەجێن کە ئەم شەڕ و ئابلۆقەیە لە دژی گەلەکەمان بە زووترین کات ڕابگرن. داواکارم دەنگی مەزلومییەتی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە جیهانییان بگەیێنن.

مسعود بارزانی

٢٠ی ١٠ی ٢٠١٧