Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناپاكی، شكستی نەتەوە نییە

 

زکری مووسا
ڕووداوە ناخۆشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەگەر بە شكستی ئیرادەی نەتەوە تەرجمە بكەین تووشی هەڵەیەكی كوشندە دەبین. تێكڕای ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم پێشان دەدات كە دەنگدانەكەی گەلی كوردستان چەندە ڕەوا و لەشوێن خۆی بووە.
ڕیفراندۆم پەردەی لە بەدنیازی و دڵڕەقیی هەر چوار داگیركار لادا. بە بەرچاوی جیهانیان كاردانەوە نائینسانییەكانی سەرۆك و ئایەتوڵڵاكانمان بینی. كاردانەوەكان دەرخەری ئەو برینە قووڵە بوو، كە دەنگی دلێری كوردستانیان لەسەر دڵی داگیركاران جێی هێشتبوو.
بەڵێ دەنگەكەی ئێمە تەختی ئەوانی لەرزاند و ئێمە لەوەدا سەركەوتین بە ئاشتیانەترین زمان لەگەڵیاندا بدوێین و زەربێك لەسەر مەنتقی خۆسەپێن و خۆبەزلزانیی داگیركارە قێزەوەنەكانی كوردستان بدەین.
ئابڵۆقەكان، پەلاماری وەحشیترین هێزی سەردەم بۆ سەر كوردستان زیاتر دەریخست ئێمە چەندە لەسەر حەقین. تەنانەت ناپاكییە مەزنەكەیش هێندەی تر پێویستیی سەربەخۆیی و سەروەریی بۆ گەلەكەمان دەسەلمێنێت. ڕاستە لە سەدەی بیستویەك و لە سەردەمی گەیاندن و ئینتەرنێت و زانیاریدا قێزەوەنترین جۆری ناپاكی لە مێژووی گەلی كورد تۆمار كرا، بەڵام ئەو تەرزە ناپاكییە كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نییە، پێمان دەڵێ بۆ مانەوەمان و بۆ دووبارەنەبوونەوەی ناپاكی و تڕاژیدیا دەبێ بە سەربەخۆیدا تێپەڕین.
دڕندەیی و وەحشیگەریی دوژمن و ناپاكی، هەرگیز مانای شكستی نەتەوە ناگەیێنێت. نەتەوە ئەو كات تێكدەشكێت كە ئیرادەی نەمێنێت. ئیرادەی نەتەوەیش بە سەربەرزی تاقی كرایەوە ئەو كاتەی كە لەبەر چاوی دونیا بە ئاشكرا و بە سەربەرزی دەنگی بەوەدا كە لەگەڵ جەهل و تاریكیدا ناتوانین بژیێن. ئەو دەنگە بۆمب و زرێپۆش و گوللە نەبوو كە كۆتایی بێت، ئەو دەنگە ئیرادە و ویژدانی گەلە و چەسپا و هەتا ئەبەد دەمێنێتەوە. دەنگەكەی ئێمە هەموو لایەكی ڕیسوا كرد، ڕاستییەكانی دەرخست، كەلێنەكانی ڕوونتر كردەوە. گەل و پێشمەرگە و سەرۆك بە باشترین شێوە كاری خۆیان كرد و سەركەوتن. ناپاكی ڕیسوا كرا و داگیركاریش دەبێتە قوربانیی وەحشیگەری و كاڵفامی و سەرەڕۆیی خۆی.
ئەوەی ئێستا ڕوویداوە نەتەوەی ئازار دا، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەهێزتری دەكات. ئەوەی ڕوویداوە ناخۆشە، بەڵام كۆتایی نییە، بەڵكو دەستپێكە. با بە ئومێدەوە چاوەڕێی پێشهاتی تازە بین لە ئاییندەیەكی نزیك. دەنگە ئاشتیخوازانەكەی گەلی كوردستان بەسەر لۆژیكی هێز و ناپاكیدا سەردەكەوێت.