Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی عەونی: چارەنووسی حکوومەتی ئێستای عێراق لە چارەنووسی حکوومەتی ڕژێمی بەعس باشتر نابێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، چارەنووسی حکوومەتی ئێستای عێراق لە چارەنووسی حکوومەتی ڕژێمی بەعس باشتر نابێت و عێراق پارچە دەبێت و ئێمەش دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق جیا بینەوە، نەک بە شەڕکردن.

(عەلی عەونی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کەرکووک ئەگەر داگیریش بکرێت و ھەموو ھێزی دنیا ئەرێ بداتە حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراق ، بە ھیچ شێوەیەک کوردستانیبوونی کەرکووک کەم نابێتەوە، چونکە ١٠٠ ساڵە لەگەڵ ئەو حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکەکانی عێراقداین و سازشمان لەسەر یەک بستی خاکی کوردستان نەکردووە و ناشیکەین.''

(عەلی عەونی) گوتی: ''ڕاستە خیانەت لە کەرکووک کراوە لە لایەن ھەندێک کەسی لایەنێکی کوردی بۆ بەرژوەندیی خۆیان، بەڵام پێویست بوو ھاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمەریکا بێدەنگ نەبێت و ھەرھیچ نا دوو ھەلیکۆپتەر بەسەر کەرکووکدا سووڕابانەوە بۆ ئەوەی بزانین ھەڵوێستیان ھەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناتوانن لەو خەونەی ھەمانە، ساردمان بکەنەوە.''

(عەونی) ڕوونی کردەوە: ''خەڵکێکی زۆر پەیوەندیی بە ئێمەوە دەکەن بۆ ئەوەی بچن بەرگری لە کەرکووک بکەن و سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر چوونەتە کەرکووک و ئێمەش چاوەڕێی فەرمانی سەرکردایەتیی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بچێت بەرگری لە کەرکووک بکات.''

(عەونی) گوتیشی: ''کۆتاییی حکوومەتی ئێستای عێراق لە کۆتاییی حکوومەتی ڕژێمی بەعس باشتر نابێت و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست فەشەلیان ھێناوە و پێویستی بە نوێکردنەوە ھەیە، بۆیە عێراقیش پارچە دەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەو پارچەبوونە بەشەڕ بێت و دەمانەوێت بە ئاشتی لە عێراق جیابینەوە و ئێستاش ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق دانیشتن بکەین و بە گفتوگۆ لە عێراق جیابینەوە.''

بڵند ئیبراھیم