Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زێرەڤانی: رۆح و گیانمان دەدەین، خاکمان نادەین

 

هەولێر-KDP.info-  فەرماندەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایدەگەیەنن، کە هێزەکانیان بۆ بەرگری و پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە و خاکی کوردستان چوونەتە میحوەرەکانی کەرکووک، دەشڵێن بۆ ئەو مەبەستە پلانی تۆکمەیان هەیە، ئاماژە بەوەش دەکەن حەشد و سوپا نەیانوێراوە خۆیان لە هێزەکانیان بدەن.


دوای ئەوەی چەند شوێنێک لە میحوەرەکانی کەرکووک بە بڕیاری چەند سەرکردەیەکی لایەنێک بێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک چۆڵ کران، بۆ پاڵپشتیی هێزەکانی تری پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بەشێک لە هێزەکانی بۆ پاڵپشتی ناردە میحوەرەکانی کەرکووک.

(لیوا غازی مەلاساڵح بابکەیی) لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "رۆح و گیانمان دەدەین، خاکمان نادەین، قبووڵی خیانەتیش ناکەین"، ناوبراو ئەوەشی وت، کە حەشد و سوپا نەیانوێراوە هێرش بکەنە سەر ئەو میحوەرانەی کە هێزەکانی زێرەڤانی تێدایە.

هاوکات (لیوا بەهجەت تەیمەز سێلکی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمە بۆ پاڵپشتی هێزەکانی تری پێشمەرگە رۆیشتووین، بە پلان هێڵێکی بەرگری تۆکمەمان درووست کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو میحوەرانە بپارێزین"،

سەبارەت بە چۆڵکردنی میحوەرێک، (سێلکی) گوتی: "بە داخەوە کە سەربازگەی کەیوان چۆڵ کراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی میحوەری ٥ چۆڵ بکرێت"، ناوبراو رەتیشی کردەوە، کە هێزەکانیان چوبێتنە ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی لایەنێک چۆڵیان کردوون.

خێڵان بەختیار