Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتارەکەی ترامپ هێندەی تەقاندنەوەى بۆمبی ئەتۆم كاریگەر بوو.. لەشکرکێشی بۆ سەر کەرکووک رادەگرێ

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی زانیاریی مێدیای ئەمەریکا، گوتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا مەسجێکی پشتگیریی بۆ کورد تێدا بوو، کە لەمەودوا ئەمەریکا دۆستەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەپارێزێت. بە گوێرەی زانیاریی پێگەی میللەتەریش، وەزیری بەرگری دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای سەربازی لە عێراق، پێیانی گوتووە، ناهێڵن لەشکرکێشی بۆ سەر کەرکووک بکرێت.

بەرانبەر بە لەشكركیشیی عیراق، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی ئامادەکارییەکانەوە لە سنووری پارێزگاری کەرکووک لە ئامادەباشیدایە، هەرێمی کوردستان لە ناردنی مەسجی ئاشتی و جەختکردنەوە لە دیالۆگ بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا لە بەغدا وەڵامێکی ئەرێنیی نییە.

لە ئەمەریکادا دەنگی داوەتەوە، کە گەلی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکان و ناوچە کوردستانییەکانیشەوە چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و بە ٩٢% زیاتر دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.

لە دوای ڕیفراندۆم و دوای گوتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکاش، ئەمڕۆ (١٤-١٠-٢٠١٧) دۆخی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە، چونکە ئەمەریکا بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.

وەک چاودێرانی سیاسی شرۆڤەیان بۆ کردووە، حەشدی شەعبی لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداراندا دەجووڵێنەوە، بۆیە لە ئەگەری هێرشکردنیان بۆسەر کەرکووک، ئەوا کۆمەڵگەی دەولی تێڕوانینێکی نوێی دەبێت، چونکە هێزێک لە پێناو ئاشتیدا بەرگری لە خۆی دەکات، کە پێشمەرگەیە و هێزێکیش بە دەستێکی دەرەکی دەیەوێت کێشە لە کەرکووک بنێتەوە.

هەر ئەمڕۆ بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، (کەمال کەرکووکی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندێکی ئەمەریکا و هاوپەیمانان سەردانیان کردوون و پێیان گوتوون، چاودێریی دۆخەکە دەکەن. (کەرکووکی) ئاشکرای کرد، بۆ ئەمەریکایان دیاری کردووە، کە لە کوێوە حەشدی شەعبی لە ناوچەکە هاتوونەتە پێشەوە و دەیانەوێت هێرش بکەن.

بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاهێدحاڵەکان بە دووریی ٢٥ کیلۆمەتر لە سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگە بینیویانە فڕۆکەکانی ئەمەریکا بە چڕی لە ئاسمانەوە چاودێریی هێڵی پێشەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەکەن.
هەر دەستپێشخەرییەکی حەشد لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە وەڵامی دەبێت، وەزیری بەگریی ئەمەریکا، (جەیمس ماتیس)، زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی بۆ عێراق و ئێران لێ دا و گوتی، چاودێریی دۆخی کەرکووک دەکەین و ڕێگە نادەین شەڕ ڕوو بدات.
بە گوێرەی پێگەی میلەتەری، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە فلۆریدا بوو، دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە پنتاگۆن، هەم لە فلۆریدا و هەمیش لە پنتاگۆن چاوی بە پسپۆڕانی شارەزا لە کاروباری سەربازیی عێراق کەوتووە و، پێیانی گوتووە، ناهێڵین لەشکرکێشی بۆ سەر کەرکووک بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، (دۆناڵد ترامپ)، دوێنێ لە گوتاری خۆیدا ڕایگەیاند، ئێران هانی عێراق دەدات بۆ شەڕی تاییفی، بۆیە مەسجێکی بۆ تاران نارد، کە ئیدی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بێدەنگ نابێت.

بە گوێرەی مێدیاكانی ئەمەریکا، (دۆناڵد ترامپ) ئەم ئێوارەیە لە گوتارەکەیدا مەسجێکی پشتگیریی بۆ کورد نارد.
لە واشتنتن پۆستدا باس لەوە کراوە، ئێستا هێزێکی بە وەکالەت لە نزیک کەرکووک شەڕی کورد دەکەن. گوتارەکەی (ترامپ)یشی بە  مەسجێک بۆ پشتیوانیکردن لە کوردەکان و گەڕانەوەی نفووزی ئەمەریکایش لە ناوچەکەدا ناو برد.

ئیدی سەرکردە عێراقییەکان ئەم ئێوارەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە لە نێو حوکمڕانیی سیاسیدا شەڕی وەکالەت دەکەن، ئێوارەیەکی زۆر بێئومێد و خەمگینیان بەڕێ کرد. بە گوێرەی شرۆڤەکارانی سیاسی، ئێستا سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، کە ئێران پشتیان دەگرێت، نائومێدییەکی تەواو لە چارەنووسی خۆیاندا دەبینن، چونکە ئەگەر ئیدی شەڕی وەکالەت بکەن، ئەوا بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەچنە خانەی تیرۆرەوە.
بە گوێرەی مێدیاکانی ئەمەریکا، گوتارەکەی (دۆناڵد ترامپ) لەم ئێوارەیەدا وەک تەقینەوەی ئەتۆمی بوو بە جەستەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
لە مێدیاکانی ئەمەریکادا ڕاوێژکارە باڵاکانی (ترامپ) بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێن، گوتارەکەی (ترامپ) زەنگێک بوو بۆ گەڕانەوەی نفووزی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و سنووردارکردنی ڕەفتار و سلووکی تاران بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا.

تەنیا کوردی