Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

به‌گوێرەی ستراتیژه‌كه‌ی، ترامپ هیلالی شیعی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا سڕ دەکات.. پەیامێکی روون بۆ حەشدی شەعبی

 

هه‌ولێر-KDP.info-  دوای تەوابوونی گوتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) کە دوای لەو وەزارەتە کرد سزای نوێ بەسەر سوپای پاسداراندا بسەپێنێت، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، یەکڕاست سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) دوای نزیکەی ٩ ساڵ لە بێدەنگیی ئەمەریکا بەرانبەر بە ئێران، ستراتیژیەتێکی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران راگەیاند.
ستراتیژیەتێک کە لە روانگەی سەرۆکی ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی یارمەتیدانی تیرۆرە لە جیهاندا و گوتی، "ئێران یارمەتی پێشکەیش بە قاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکات و هانی عێراق دەدات بۆ شەڕی تائیفی و یارمەتیی مانەوەی (بەشار ئەسەد) دەدات لە سووریادا."

ئەوەی پێوەستە بە عێراق، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژه‌ی دا کە ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە شەڕی تائیفی لەنێو عێراقدا بەرپا کردووە، لە ئێستایشەوە ئەمەریکا بەگوێرەی ئەو ستراتیژیەتە دەستی کراوە دەبێ لە مامەڵەکردن بەرانبەر بە حەشدی شەعبی لە چوارچیوەی سوپای پاسداراندا.

(ترامپ) جەنگێکی راستەقینەی لە دژی ئێران بەرپا کرد بە ستراتیژیەتێک کە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران هەموار بکرێتەوە و بە روونی پەیامی دا، کە نابێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، یەکڕاست ناوی سوپای پاسدارانی هێنا و وەزارەتی خەزێنەی وڵاتەکەی راسپارد تا سزای نوێیان بەسەردا بسەپێنێ، بە کەمتر لە سەعاتیک وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزاکەی دیاری کرد و پاسدارانی خستە لیستی تیرۆروە.

بەگوێرەی ئەو سزایە، ئیدی سوپای پاسداران ناتوانن جووڵە لە رۆژهەڵاتی ناویندا بکەن، بەگوێرەی رای گشتیی ئەمەریکایش مەبەستی (ترامپ) لە سزادانی سوپای پاسداران بریتییە لە رێگریکردن لە به‌ئاماندگه‌یشتنی بازنەی هیلالی شیعیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

بەشێوەیەکی گشتی ترامپ سێ پەیامی دایە ئێران:
پەیامی یەکەم: سوپای پاسداران
سنووردارکردنی چالاکیی ئەو سوپایە لە عێراق و سووریادا کە بە گوێرەی ستراتیژیەتکەی (ترامپ) ئەو سوپایە بووەتە هۆکارێک بۆ نانەوەی پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناویندا. سوپای پاسداران لە عێراق بە رێگەی حەشدی شەعبی و لە سووریادا بەڕێگەی رژێمی سووریا چالاکن و، ئیدی (دۆناڵد ترامپ) دەستی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکای واڵا کرد بەرانبەر بە چۆنیەتیی سنووردارکردن و نه‌مانی نفوزی ئێران لەو دوو وڵاتەدا، لە قسەکانی (ترامپ) دیار بوو کە لە دەرەوەی ئێراندا ئەمەریکا رێگە لە سوپای پاسداران دەگرێ، ئەمەیش وادەکات کە ئێران بکەوێتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیددی و نەتواتێ ئیدی دەستوەردان وەک جاران لە کاروباری وڵاتان بکات، چونکە لەژێر چاودێریی چڕی ئەمەریکادا دەبێ. لە یەکەم کاردانەوەیشدا سەرۆکی ئێران (حەسەن رۆحانی) گوتی ئەمەریکا کودەتای کرد.

پەیامی دووەم: دەستنیشانکردنی ئێران بە سەرچاوەی تیرۆر لە جیهاندا
لە پەیامەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا به‌ روون و راشكاوی یاس کە ئێران سەرچاوەی تیرۆرە لە جیهاندا، بۆیە پێشبینی دەکرێ کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە سیاسەتێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا لە دژی ئێراندا بێنە سەرهێڵ، لەمەودوا پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانانی بە روونی دیار دەبێ، چونکە لە ستراتیژیەتەکەی ترامپدا ناوی هاوپەیمانان هاتووە و داوایشی لێکردوونە کە رێگری لە دەستەڵاتی ئێران بكه‌ن، ئەمەیش تێڕوانینی نوێی سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕێ، لە یەکەم کاردانەوەیشدا هەردوو وڵاتی سعوودیا و ئیسرائیل پێشوازییان لە ستراتیژیەتی نوێی سەرۆکی ئەمەریکا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

پەیامی سێیەم: رێککەوتنی ئەتۆمی
دوای تەواوبوونی گوتارەکەی (دۆناڵد ترامپ) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باخچەی کۆشکی سپی گوتی، "من بابەتی چەکی ئەتۆمی بۆ کۆنگرێس جێدێڵم، ئەگەر ئەوان نەگەیشتنە بڕیار ئەوا خۆم بڕیاری لێ دەدەم و رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنمەوە."
رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە دیتی سەرۆکی ئەمەریکاوه‌ رێککەوتنێکی خراپ بووە کە ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ واژۆی کردووە، بۆیە داوای لە کۆنگرێس کرد کە رێککەوتنەکە هەموار بکرێتەوە و بە روونی رایگەیاند کە ئەو ئەورێککەوتنەی بەوشێوەیە لای پەسەند نییە.

پەیامی چوارەم: رێگاچارەی ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا نەخشەی رێگاچارەی بۆ رووبەڕوونه‌ی ئێران بریتییە، لەوەی کە نابێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وەک گوتی، "ناهێڵم ئێران گەشە بە چەکی ئەتۆمی بدات و ببێتە خاوەنی، هەروەها رێگریش لەوە دەکەم کە ئێران موشەکی کیشوەربڕەکانی دەستکەوێ."
مەبەستی (ترامپ) لە گوتارەکەیشدا بەرانبەر بە جووڵەی ئێران لە ناوچەکەدا رێگری بوو لە هیلالی شیعی ئێران و بە ئاشکرا گوتی، "سوپای پاسداران سزا دەدەین" و ئیدی پیده‌چی چاوی (ترامپ) لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەسەر ئێران بێ.

 

ته‌نیا كوردی