Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''لە سەردەمی سەددامدا بردیانمە سەر گۆڕ تا بمنێژن..ئەگەر بەرپرسانی ئێستای عێراق لە دەستیان بێت دێن دەمکوژنەوە''

هەڵەبجە-KDP.info- هەڵەبجەییەکان چیرۆکی پێش شەهیدبوونی کەسوکاریان دەگێڕنەوە، ئەوان کە چییان بەسەر هاتووە و ڕژێمەکانی عێراق چییان لێ کردوون، ئێستاش بۆچی ئومێدیان بە دەوڵەتی عێراق نەماوە. کەسێک دەڵێت، لە کیمیاباراندا وایان زانی من مردووم، بەر لەوەی بمنێژن بەخەبەر هاتمەوە، ئێستاش ئەگەر حکوومەتی بەغدا لەدەستی بێت دێت و دەمکوژێتەوە.

(ئاراس عابید)، کە تاقانەی نێو خانەوادەکەیەتیی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا، کە ڕژێمی بەعس ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجەی شەهید کرد، ئازارێکی لەبیرنەکراو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ''من تەواوی کەسوکارەکەم لەدەست داوە و ئیدی متمانە بەو حکوومەتەی عێراقیش ناکەم، چونکە ئەگەر لەدەستی بێت ئەوا منیش وەک کەسوکارەکەم دەکوژێت.''

(ئاراس) لەسەر تاوانەکانی ڕژێمەکانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بێکەسیان کردم و لە ژیاندا بێبەشیان کردم، بۆ من لە ڕابردوودا ڕژێمێکی عێراق کەسوکاری شەهید کردم، خانەوادەکەی شەهید کردم، ئێستاش ئەو حکوومەتە وا دەبینم قووتی خەڵکی بڕیوە و ئەگەر لەدەستیان بێت ئەوا هێرشیش دەکەنە سەر گەلی کوردستان، جا من دەبێ چ باوەڕێکم بەو حوکمڕانییەی ئێستای عێراق هەبێت.''

ئەو دەڵێت: ''ئێمە ستایشی هێزی پێشمەرگە دەکەین کە دەمانپارێزێت، خۆیشم تاقانەیەکی نێو تەواوی خانەوادەیەکی شەهیدم، ئامادەم گیان ببەخشمە کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ستەممان لێ نەکرێت.''

هەڵەبجەییەکان هەرگیز ئەو ڕۆژەیان لەبیر ناچێت کە ڕژێمی پێشووی عێراق چۆن کیمیابارانی کردوون، کەسێک بەناوی (ئومێد حەمە عەلی) چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، کە لە کاتی کیمیابارنی هەڵەبجەدا وا زانراوە، ئەویش شەهید بووە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تا ئێستا خۆشییەکم لە حکوومەتەکانی عێراق نەدیوە، من لە کاتی کیمیابارنی هەڵەبجەدا بەرکەوتەی چەکی کیماییی بووم، منیان بۆ گۆڕستان بردووە و تا دواسات من بە مردوو لەقەڵەم دراوم، بەڵام پێش ئەوەی بنێژرێم بەهۆش خۆم هاتوومەتەوە، جا ئێستا دەبێ چ ئومێدێکم بەو عێراقە هەبێت، کە منی کوشتووە و ئێستاش ئەو حکوومەتەی عێراق کە شیعەی سیاسی حوکمڕانیی دەکات، لە دەستی بێت کۆتایی بە تەمنم دێنێت و دەمنێژێت.''

(ئومێد) باس لەوە دەکات، کە دایک و خوشکی بە چەکی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ١٩٧٢دا شەهید بوون، جارێکی دیکە باوکم هاوسەرگیریی کردەوە و ژیانی دروست کردەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨دا لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا ئەوانیش بە چەکی کیمیایی شەهید بوون، ئێمە وەها ستەممان لێ کراوە و ئاوا ڕژێمەکان ئێمەیان شەهید کردووە، ئێستایش عێراق هەمان عێراقی ئەو کاتەیە و تەنیا ڕوخساریان گۆڕاوە.''

هیچ کات چاوەڕێی مرۆڤایەتی لە عێراق ناکرێت. ئەمە قسەی چالاکوانێکی مەدەنیی هەڵەبجەیە بە ناوی (ڕەنگین سەلام)، کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''چی لە بەغدا چاوەڕێ بکەین، ئەوانە مانای شەراکەت و پێکەوەژیان نازانن، ئەو ئەقڵییەتە بوو کە کیمیاباران و ئەنفالی کردین، کچانی کوردیان ڕفاند، گوندەکانیان سووتاند، ئیدی ئێستاش دەیانەوێ دەنگی گەلی کوردستان، کە سەربەخۆیی بوو، بیسووتێنن، چارەنووسمان بسووتێنن، بەڵام ئەمەیان لەدەست نایەت.''

ئەو چالاکوانە داوای لە کۆمەڵگەی دەولییە، کە بە هانای مرۆڤایەتییەوە بێن و سەیری ئەو هەموو کارەساتە بکەن، کە ڕژێمەکانی عێراق چییان لە گەلی کوردستان کردووە، ئەوە دەبینن، هێڵی ئاسمانییان ڕاگرت و بوودجەی خەڵکیان بڕی، ئێستاش دەڵێن هێز دەجووڵێنن، ئەمە ئەقڵییەتی ئەو بەرپرسانەی بەغدایە، ئیدی ئەمانە ناگۆڕێن، بۆیە باشترین چارە سەربەخۆییی کوردستانە.

هێڤیار هەڵەبجەیی